رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلاریان لای حکومەتە و 3 ساڵە هیچیان بۆ خەرج نەکراوە.
رۆژی دووشەممە 06-01-2025 د. سەرۆ دزەیی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی کاژێر 09:00ی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد و باسی لە رەوشی بەڵێندەران و خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانیان کرد.
د. سەرۆ دەڵێت، پێنەدانی شایستەی بەڵێندەران وایکردووە نەتوانن پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت وەک پێویست جێبەجێ بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دواکەوتنی مووچەش کاریگەری گەورەی هەبووە، بەڵگەش بەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون دەهێنێتەوە کە تەواو بوون، بەڵام کڕیاریان نییە.
د. سەرۆ باسی لەوەشکرد، ژمارەی جیاواز دەگوترێت لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی بەڵێندەران کە لای حکومەتە و گوتی، بەڵێندەرانی هەموو هەرێمی کوردستان 400 بۆ 500 ملیۆن دۆلاریان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی بەڵێندەران گوتیشی، سێ ساڵە بەهۆی کێشە داراییەکانەوە هیچ پارەیەکیان پێنەدراوە.
لە هەولێر 1300 بەڵێندەر و کۆمپانیای بەڵێندەری هەن. هەر یەکێکیان راستەوخۆ 150 بۆ 200 هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی رەخساندووە.
د. سەرۆ دزەیی دەڵێت، خەرجنەکردنی پارەکەیان و کەمبوونەوەی کار و کارمەندەکانیان بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی.
ئەو بەڕێوەبەرە باس لەوەش دەکات، زۆر بەڵێندەر لە هەولێر مایەپووچ بوون، بەڵام لەبەر ناوی کۆمپانیاکەیان رایناگەیێنن. بەشێکیشیان پارەی وەستا و کرێکارەکانیان نەداوە؛گوتیشی، لە کۆمپانیاکەی خۆی پێشتر 17 کەس کاری دەکرد، ئێستا بەهۆی دۆخەکەوە تەنیا 3 کەسی ماوە.
د. سەرۆ دەشڵێت، ئێستا چەکی بانکیی پارەی بەڵێندەران 70٪ کەمتر لە نرخی خۆی دەفرۆشرێت، بەڵام ناتوانرێت پارەی تێدا رابکێشرێت تاوەکو حکومەت پارە دەخاتە سەر هەژمارەکەی.
لە کۆتایی قسەکانیدا بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەران گوتی، هیوادارە حکومەت ئاوڕێک لە بەڵێندەران بداتەوە، چونکە وەستانی کاری بەڵێندەران و پێنەدانی شایستەکانیان، کاریگەری لەسەر جووڵەی تەواوی بازاڕ و سێکتەرەکان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ