ژمارەی توشبووانی ئەنفلەوەنزای وەرزی گەیشتە 38 كەس

 
رووداو - هەولێر

ژمارەی توشبووان بە ئەنفلەوەنزای وەرزیی H1N1 لە هەرێمی كورستان گەیشتە 38 كەس بەڕێوەبەرێكی گشتی لە دیوانی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، "میوانداری هۆكارێكی سەرەكی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەیە".
 
د. خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو ژمارە تووشبووە چوار کەسیان گیانیان لەدەستداوە کە تەنیا یەكێكیان خەڵكی هەرێمی كوردستانە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو، زۆرترین حاڵەتەكانی تووشبوون لە سنوری هەولێر تۆماركراون ‌و "لەو 38 كەسەی تووشبوون 17یان لە هەولێر ‌و 11یان لە دهۆك ‌و 10 یان لە سلێمانی بوون".
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی رێنمای خەڵكی دەكات بەوەی خۆیان دوور بگرن لە شوێنی قەرەباڵخی داخراوی ناپێویست ‌و میوانداری هۆكارێكی سەرەكی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەیە، بۆیە كە كەسێك تووشی ئەو نەخۆشییە دەبێت پێویست ناكات خەڵكی قەرەباڵخی لەسەر دروستبكەن، بەپێچەوانەوە ئەوەی تووشبووەکە پێویستییەتی پشوودانە".
 
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا لەبارەی ئەنفلەوەنزای وەرزی دەڵێت، ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا سێ جۆری جیاوازی ئەی، بی و سی هەیە، تەنیا جۆری ئەی و بی تووشی مرۆڤ دەبن، لەڕێگەی دڵۆپەكانی هەواوە بەهۆی كۆكە و پژمین دەگوازرێنەوە. 
 
تووشبووانی ئەنفلەوەنزای وەرزی تووشی هەوكردنێكی لەناكاوی كۆئەندامی هەناسە دەبن، رەنگە هەوكردنێكی بێ نیشانە بێت و سادەبێت، هەندێكجاریش هێندە مەترسیدار و تووندە كە رەنگە ببێتەهۆی مردن.