ژینگەپارێزێکی رانیەیی 82 هەزار فلتەری جگەرە کۆدەکاتەوە
رووداو - تەندروستی
گەنجێکی ژینگەدۆستی رانیە خۆی بە تەنیا هەڵمەتێک بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکەی ئەنجامدەدات، هەزاران فلتەری جگەرەی کێشراو کۆدەکاتەوە.
سۆران دڵپاک، ژینگە دۆستێکی شاری رانیەیە و ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-12-2024 لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال میوان بوو و گوتی، 82 هەزار فلتەری جگەرەی کۆکردووەتەوە، ئامانجیشی پاراستنی ژینگەی شارەکەیە لەو پاشماوەیە.
سۆران دڵپاک دەڵێت: ژینگە تا ئەندازەیەکی زۆر پیسە و پێویستی بە هەڵمەتی لەم شێوەیە هەیە بۆ ئەوەی پاکڕابگیرێت و پاکبکرێتەوە.
لەبارەی پڕۆسەی کۆکردنەوەی فلتەری جگەرە، د. سەنگەر جاف، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی دەڵێت، ئەو فلتەرانە ئەم زیانانەیان هەیە؛
- هەڵگری ڤایرۆسن
- هۆکارێکی گواستنەوەی نەخۆشین
- ناوەندێکن بۆ گەشەی بەکتریاکان
- مادەی کیمیایی ژەهراوییان تێدایە
هەر بۆیە د. سەنگەر جاف پێشنیازدەکات، هەر کەسێک کاری کۆکردنەوەی ئەو فلتەرانە دەکات پێویستە 'بە دەستکێشەوە هەڵیان بگرێتەوە، شوێنی دانانیان هەواگۆڕکێی تێدا نەبێت و لە ژووری نزیک مرۆڤ نەبێت و لە دەرەوەی خێزان دابنرێت کە کەمترین بەرکەوتەی لەگەڵ مرۆڤدا هەبێت'.