رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشییەکی نەزانراو لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ لە ئەفریقا، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 27 کەس. هەموو تەمەنێک تووشی نەخۆشییەکە دەبن و تاوەکو ئێستا تەندروستیی وڵاتەکە نازانێت چییە و چۆنە. تەندروستیی جیهانی دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 04-12-2024، پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی گشتی لە کۆنگۆ رایگەیاند: "نەخۆشییەکی نەزانراو بڵاوبووەتەوە و لە 24ـی تشرینی یەکەمەوە دەستنیشانکراوە. تاوەکو ئێستا 382 کەس تووشبوون و 27 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە."
بە گوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی وڵاتە ئەفریقییەکە، نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی تا، سەرئێشە و کۆکە؛ منداڵان و پێگەیشتووانیش تووشی دەبن.
تاوەکو ئێستا هەرێمی پانزی کە 700 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی کینشاسای پایتەختەوە دوورە، بە سەرچاوەی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دادەنرێت. هەرێمەکە دامەزراوە و خزمەتگوزاریی تەندروستیی کەمی هەیە.
لە راپۆرتەکەی پەیمانگەی نیشتمانی هاتووە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی تووشبووان و ئەوانەی گیان لەدەستدەدەن بەرز ببێتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی کۆنگۆ تیمێکی لە زانایانی پەتاناسی ناردووەتە شوێنەکە و داوای کردووە خەڵک نەچنە ئەو هەرێمە و ئەوانەیشی لەوێن، لێی دەرنەچن.
حکومەت داوای لە خەڵک کردووە تەوقە لەگەڵ یەکدی نەکەن و زوو زوو دەستەکانیان بشۆن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە لە گفتوگۆدان و لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ ئەوەی لە دۆخەکە تێبگەن.
تەندروستیی جیهانی رایگەیاند: "تیمێکمان ناردووەتە شوێنی بڵاوبوونەوەکە بۆ ئەوەی نموونە وەربگرن و لە تاقیگە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت."
کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ وڵاتێکی دوو ملیۆن و نیوە و دەکەوێتە نێوەڕاستی کیشوەری ئەفریقا. کۆنگۆ لەگەڵ هەریەک لە زامبیا، ئەنگۆلا، کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست، سوودانی باشوور، ئۆگەندا، رواندا و تانزانیا هاوسنوورە.
کۆنگۆی دیموکرات یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە تەواوی وڵاتەکە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون بڵاوبووەوە و زیاتر لە 1000 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ