بەحرەین وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی بەکارهێنانی پێکوتەی دژەکۆرۆنا پەسەنددەکات
رووداو- هەولێر
بەحرەین وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی بەکارهێنانی فریاگوزاری ڤاکسینی کۆرۆنای کۆمپانیای فایزەر-بیۆنتێک پەسەنددەکات، دەبێتە دووەم وڵات لە جیهاندا لەدوای بەریتانیا پێکوتەکە بەکاردەهێنێت.
مەریەم ئەلجەلاهمە، سەرۆکی جێبەجێکاری پەیمانگەی نیشتمانی تەندروستی بەحرەین لە نووسراوێكدا رایدەگەیێنێت لەدوای چەندین کۆبوونەوەی چڕ و پێشكەشکردنی بەڵگەنامەکان لەلایەن کۆمپانیاکەوە لەبارەی کوالێتی بەرهەمهێنان و سەلامەتی ڤاکسینی کۆرۆنا، بڕیاریانداوە بۆ بەکارهێنانی فریاگوزاری ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەر-بیۆنتێك.
سەرۆکی جێبەجێکاری پەیمانگەی نیشتمانی تەندروستی بەحرەین دەڵێت گەیشتوونەتە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر بۆ ئەوەی ڤاکسینی دژەکۆرۆنای کۆمپانیاکە بەکاربهێنن، بەمەش بەحرەین دەبێتە دووەم وڵات لە جیهاندا و یەکەم وڵاتی عەرەبی کە ڤاکسینەکە بەکاردەهێنێت.
بەڕێوەبەری کارە بازرگانییەکانی کۆمپانیای فایزەر کە بەرهەمهێنەری ڤاکسینەکەیە دەڵێت: "جێگەی شانازییانە کە لەگەڵ حکومەتی بەحرەین کاردەکەن و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی سەرکەوتووبن لە جەنگی دژی کۆرۆنا.