پسپۆڕانی چین و چیک ''ئەتۆمێک'' دژی بەکتریاکان دروستدەکەن

رووداو - تەندروستی

بۆ پێشگیری لە بەهێزبوونیان، پسپۆڕانی چین و چیک دەرمانێکی نوێ دژی بەکتریا بەهێزەکان دەدۆزنەوە و ناوی لێدەنێن ''دژەبەکتریای ئەتۆمی''.
 
توێژینەوەیەکی جیهانیی ناوەندێکی بەریتانی ئاشکرای دەکات، مەترسیی بە‌هێزبوونی بەکتریاکان دەبێتە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر دانیشتووانی جیهان و هەموو تەمەنێکیش دەگرێتەوە.
 
هەر بۆیە ئێستا پسپۆڕانی تەندروستی و پزیشكی هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دروستکردنی دەرمانی نوێ دژی بەکتریا بەهێز و سەرسەختەکان، چونکە بەکتریا کە بەهێز دەبێت، ئیدی زۆرێک لە دەرمانەکان کاری تێناکات و نەخۆش ناچاردەبێت چاوەڕێی مردن بکات.
 
پڕۆفیسۆر رادیک زبۆریڵ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە چیک دەڵێت: ''دژەبەکتریا دروستکراوەکە سەلمێندراوە کە دژی هەموو جۆرە بەکتریایەکی بەهێزە''.
 
دەرمانەکە ئومێدێکە بۆ چاکبوونەوە لە سەتان هەوکردنی مەترسیدار بەهۆی بەکتریا بەهێزەکانەوە، توێژەرێک دەڵێت، بە زووترین کات دەرمانەکە بە مەڵهەم بەردەستدەبێت.
 
د. دەیڤد پاناچیک، توێژەری دژەبەکتریایە نوێیەکە گوتی، ''لە داهاتوودا ئێمە دەمانەوێت وەکو چارەسەرێکی خۆجێیی بەکاریبهێنین، رەنگە بەشێوەی مەڵهەم بێت''.
 
د. میلان کۆلار، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی لە چیک لەم بارەیەوە گوتی، دژەبەکتریای ئەتۆمی دژی هەموو ئەو بەکتریایانە کاردەکات کە بەهێزبوون و دەرمانەکان کاریان تێناکات، ئەمەش ژیانی هەزاران نەخۆش دەپارێزێت.
 
هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لەم کێشەیە و بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، 60٪ـی بەکتریاکانی نێو نەخۆشخانەکان دەرمان کاریان تێناکات.
 
هەڵۆ سیراجەدین، کە پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژییە لە هەولێر دەڵێت: ''بە گوێرەی ئەوەی کە رۆژانە کەیسێکی زۆر دەبینین و زۆربەی نەخۆشەکانمان جۆری ئەنتیبایۆتیکەکانیان بۆ دیاریدەکەین، کێشەیەکی گەورە هەیە و خەریکە زۆربەی دژەبەکتریاکانمان کار لەسەر نەخۆش ناکەن''.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو مردن بە بەهێزبوونی بەکتریاکان 75٪ زیادبووە.