پسپۆڕێکی نەخۆشییە گوازراوەکان: مەترسیی بەهێزبوونی بەکتریاکان بەردەوام لە زیادبوونە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی مایکرۆبایۆلۆژی و نەخۆشییە گوازراوەکان ئاشکرای دەکات، بەهۆی بەهێزبوونی بەکتریاکانەوە چەندین نەخۆش لە یەکەی چاودێریی چڕ خەوێندراون و هیچ دەرمانێک لەسەر جەستەیان کاریگەر نییە بۆ چارەسەر. 
 
لە بڕگەیەکی مایدانیدا د. سەفین عوسمان، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی شار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لانیکەم 15 نەخۆش بەهۆی بەهێزبوونی بەکتریاکانەوە لە چاودێریی چڕە و دووچاری بەهێزبوونی بەکتریاکان بوونەتەوە. 
 
د. سەفین عوسمان دەڵێت: ''خراپ بەکارهێنانی دەرمانی دژەبەکتریاکان هۆکارێکی بەهێزبوونی بەکتریاکانە و لەگەڵ بەهێزبوونیشیان کاریگەریی دەرمانە دژەهەوکردنەکانیش کەمدەبێتەوە''.
 
د. سەفین دەشڵێت: لە سەرجەم نەخۆشخانەکاندا کێشەی بەهێزبوونی بەکتریاکان هەیە و بەهۆی سەرسەختبوونی بەکتریاکانەوە چاکبوونەوەی هەوکردن چەند مانگێک دەخایێنێت. 
 
ئەو پسپۆڕە گوتی، بەشێک لە پشکنینەکان دەریدەخەن، لە 40 دەرمان تەنیا دوو دژەبەکتریا کاردەکەن، ئەمەش بەهۆی بەهێزبوون و سەرسەختبوونی بەکتریاکانەوە روودەدات. 
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس بەهۆی بەهێزبوونی بەکتریاکانەوە گیانلەدەستدەدەن. 
 
ناوەندەکە دەریدەخات، سەرسەختبوونی بەکتریاکان کێشەیەکی تەندروستیی جیهانیی مەترسیدارە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش بە ''پەتای بێدەنگ'' ناوی دەبات.