بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە: کێشەی کەمیی تەختمان هەیە

رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە ئاشكرای دەکات، بەهۆی نەبوونی تەخت ''قەرەوێڵە''ـی پێویست و کۆنیی بینای نەخۆشخانەکە کێشەیان بۆ دروستبووە و داوای زوو تەواوکردنی نەخۆشخانە 300 قەرەوێڵەییەکەی رانیە دەکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی ئەیلوولی 2024 د. دابان محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە بە رووداوی راگەیاند، ئێستا دووچاری کەمیی تەخت بوونەتەوە، چونکە نەخۆشخانەکە تەنیا 70 تەختی هەیە.
 
بە گوتەی د. دابان محەممەد، لە رانیە و دەوروبەریشەوە نەخۆشیان بۆ دێت و مانگانە بە هەزاران کەس سەردانیان دەکەن لە کاتێکدا تەنیا لە مانگی رابردوو زیاتر لە پێنج هەزار و 500 نەخۆشیان تۆمارکردووە.
 
د. دابان محەممەد دەڵێت، لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە 30 تەخت بۆ نەشتەرگەری و 40 تەختیش بۆ بەشی هەناو هەن، هاوکات گوتی، ''ژمارەی تەختەکان لە ئاست ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نییە و پێویستە بەزووترین کات نەخۆشخانە 300 قەرەوێڵەییەکەی رانیە تەواوبکرێت''.
 
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەکە، لە مانگی رابردوودا 291 تووشبووی سکچوون و رشانەوە تۆمارکراون، لەم، بارەیەوە د. دابان رایدەگەیێنێت، هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا تۆمارنەکراوە و  بەشێکی زۆری تووشبووانیش بەهۆی خۆراکی پیسەوە تووشبوون.
 
ژمارەی تەخت لە دەڤەری راپەڕین بەپێی ئاستی ستاندارد
 
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو لە دەڤەری راپەڕین کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 500 هەزار کەسە، 350 تەخت هەن، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەبوایە هەزار تەختی هەبێت.
 
دانیشتووانی رانیە نزیکەی 150 هەزار کەسە، لەکاتێکدا بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەبوایە 300 تەختی هەبێت، بەڵام ئێستا بۆ خەڵکی رانیە تەنیا 70 تەخت هەیە.
 
نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەییە لە رانیە، دوای تەواوکردنی 70%ی کارەکانی، 12ساڵە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوە. پرۆژەکە بە گوژمەی 107 ملیۆن دۆلار ساڵی 2012 چووەتە واری جێبەجێکردن؛ دەبوو لە دوو ساڵدا بەڕووی چارەخوازاندا بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە و دانیشتووانى سنوورەکەش لە چاوەڕوانیی تەواوبوونیدان.
 
بەدواداچوونێکی رووداو لەبارەی نەخۆشخانە 300 قەرەوێڵەییەکە ببینە.