رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی پارێزگای کەرکووک رەتیدەکاتەوە هیچ تووشبوویێکی ئاوڵەی مەیموون لە پارێزگاکە تۆمار کرابێت.
دکتۆر زیاد خەلەف، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 05-09-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویێکی ئاوڵەی مەیموون لە کەرکووک تۆمار نەکراوە."
هەر لەوبارەوە، سامان یابە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هیچ تووشبێکی ئاوڵەی مەیموون لە کەرکووک تۆمار نەکراوە. هەر دەنگۆیەک لەوبارەوە هەبێ، دوورە لە راستییەوە."
ئەو قسانە گوتەبێژی تەندروستی کەرکووک دوای ئەوە دێ کە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە؛ لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک یەکەم تووشبوو ئاوڵەی مەیموون تۆمار کراوە.
بەگوێرەی ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان (CDC) لە ئەفریقا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 17 هەزار تووشبووی نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' تۆمارکراون و 500 کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 160٪ زیاترە.
تاوەکو ئێستا نەخۆشییەکە لە 12 وڵاتی ئەفریقا بەچڕی بڵاوبووەتەوە و زۆرترین تووشبووش لە کۆماری کۆنگۆیە، هەروەها لە هەریەک لە وڵاتانی پاکستان، سوێد و فیلیپین تووشبوو تۆمارکراون.
نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' چییە؟
نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بۆ چارەسەر پێویست بە بەکارهێنانی دژەبەکتریاکان ناکات، بەڵکو خۆکارانە وەکو هەڵامەت دوای تەواوبوونی ماوەکەی لاوازدەبێت و نامێنێت.
رێگەکانی گواستنەوەی:
- بەرکەوتن بە شلە و جەستەی ئاژەڵی تووشبوو
- دەستلێدان
- ماچکردن
- سێکسکردن
- بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسی تووشبوو
نیشانە و لێکەوتەکانی:
- تا و بێهێزی
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان
- هەوکردنی تووندی سییەکان
- هەوکردنی مێشک
- ژەهراویبوونی خوێن
رێگەکانی پێشگیری لێی:
- وەرگرتنی ڤاکسین
- دەستشۆردنی بەردەوام
- دەستنەدان لە ئاژەڵی بێلانە
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
- سێکسی تەندروست
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ