وەزارەتی تەندروستیی عێراق: پشکنینی ئەیدز بۆ قوتابیانی قوتابخانە ئایینییەکان مەکەن

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە بڕیارێکدا، کە بۆ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیشی ناردووە، داوا دەکات پشکنینی نەخۆشیی کەمیی بەرگری، ناسراو بە ئەیدز بۆ ئەو خوێندکارە بیانییانە نەکەن کە بۆ خوێندنی زانستە ئیسلامییەکان دێنە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
نەخۆشیی ئەیدز لە رێگەی ڤایرۆسی HIVـیەوە تووشی مرۆڤ دەبێت. رێگەکانی گواستنەوەی بریتین لە؛ سێکسکردن لەگەڵ کەسی تووشبوو، گواستنەوەی لە رێگەی خوێنەوە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیکە، یانیش گواستنەوەی لە دایكەوە بۆ كۆرپەلەكەی. 
 
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کە بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی گشتیی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستیی پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستیی کەرخ و رەسافەی بەغدا کراوە، داوا دەکات ئەو خوێندکار و قوتابییە بیانییانەی لە قوتابخانە ئایینییەکان دەخوێنن خۆیان و خێزانەکانیان لە پشکنینی ئەیدز ببەخشرێن و بۆیان نەکرێت.
 
وەزارەتی تەندوستیی عێراق بۆ ئەو بڕیارە پشتی بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی سەردەمی سەدام حوسێن بەستووە، کە لە ساڵی 2002 دەرچووە.
 
ئەو کەسانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە ئەوانەن کە زۆرینەیان لە پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراقن، بۆ خوێندنی زانستیی ئایینی بەشێکیان لە وڵاتانی بیانییەوە روو دەکەنە عێراق و لە زیاتر لە حەوزەی نەجەف و قوتابخانە ئایینییەکانی دیکە دەخوێنن.
 
بەپێی ئەو بڕیارەی سەردەمی بەعس، هەر کەسێک لە دەرەوەی عێراق دێتە نێو وڵاتەوە دەبێت پشکنینی ڤایرۆسی HIVـی بۆ بکرێت، بەڵام دەسەڵات دەداتە وەزیر ژمارەیەک توێژ لەو کەسانەی دەیانگرێتەوە دەربهێنێت.
 
موقەدەم کاردۆ عوسمان هەورامی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی، بە رووداوی گوت: "هەر کەسێک لە دەرەوەی عێراق بێتە نێو عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەت دەبێت دوو پشکنینی بۆ بکرێت یەکەمیان پشکنینی ئەیدز و ئەوی دیکەیان ڤایرۆسی جگەرە." 
 
گوتیشی، هیچ نووسراوێکیان بۆ راگرتن یان نەکردنی پشکنینەکە بۆ ئەو کەسانەی لە نووسراوەکەدا ئاماژەیان بۆ کراوە، پێنەگەیشتووە، بۆیە پشکنینەکە بەردەوامە.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە