پسپۆڕێک: منداڵ هەرگیز بە شیری دایک قەڵەو نابێت

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی فیسیۆلۆژی و پزیشکیی خێزانی ئاشکرای دەکات، لەگەڵ دروستبوونی شیر گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکانی دوای شیرپێدانی سرووشتی وادەکەن کە منداڵدانی دایک خێرا چاکببێتەوە و قەبارەکەی ئاسایی ببێتەوە.
 
د. نازلین شاکر ئاکرەیی، پسپۆڕی فیسیۆلۆژی و پزیشکیی خێزانی لە پۆدکاستێکدا کە ئەدلین قاسم پێشکێشی کرد، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: ''شیرپێدانی سرووشتی وزەی زیاتر لە دایکان دەبات و وایان لێدەکات کە وزە بسووتێنن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە دابەزاندنی کێشیان''.
 
د. نازلین ئاکرەیی دەشڵێت: لەگەڵ دروستبوونی شیر ئەو هۆرمۆنانەی دەردەدرێن خەواڵوویی بە خانمان دەدەن و خەوی دایکەکە خۆشدەکەن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەدەکات، زۆرێک لەو کەیسانەی دەیانبینێت ئەوانەن کە دایکان وادەزانن شیریان نییە و پەنایان بۆ شیری قوتوو بردووە، هاوکات دەڵێت: ''زۆرجار کە دایکەکە دەپشکنین، بۆمان دەردەکەوێت کە هیچ کێشەیەک لە شیری نییە و تەنیا لەڕووی دەروونییەوە وای لەخۆی کردووە کە شیری نەبێت''.
 
بە گوتەی د. نازلین شاکر، منداڵ شیری دایکی بخوات قەڵەو نابێت و ئەو قەڵەوییەی کە دروستدەبێت هی شیری قوتووە، کە ئەمەش لێکەوتەی مەترسیدار لەسەر جەستەی منداڵەکە دروستدەکات.