لە هەڵەبجە هەڵمەتێک بۆ هۆشیارکردنەوەی دایکان لە شیرپێدانی سرووشتی بەڕێوەچوو

رووداو - تەندروستی 

لە هەڵەبجە هەڵمەتێک بۆ هۆشیارکردنەوەی دایکان لە شیرپێدانی سرووشتی بەڕێوەچوو و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی پارێزگاکەش دەڵێت: ئەوانەی بە نەشتەرگەری منداڵیان بووە یەکێکن لەو گرووپانەی کە کەمتر شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکانیان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی ئابی 2024 لەنێو بەڕێوەچوونی ئەو هەڵمەتەی بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان لە شیرپێدانی سرووشتی د. هودا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، ''بە چەند رێگەیەکی جیاواز هانی خانمان دەدەین بۆ ئەوەی شیری خۆیان بە منداڵەکانیان بدەن و دووربکەونەوە لە شیری قوتوو''.
 
د. هودا ئەحمەد دەڵێت: ئەوانەی بە نەشتەرگەری منداڵیان بووە یەکێکن لەو گرووپانەی کە کەمتر شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکانیان، ئەویش بەهۆی ئەو کاریگەرییە لاوەکییانەی نەشتەرگەرییەکە دروستی دەکات.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا روونی دەکاتەوە، ژمارەی نەشتەرگەریی منداڵبوونیان سنووردارکردووە، ''چونکە یەکێک لە کاریگەرییە خراپەکانی ئەوەیە کە دایک دووردەکەوێتەوە لە شیرپێدانی سرووشتی''.
 
ئەو هەڵمەتەی لە نەخۆشخانەکە بەڕێوەچووە نزیکەی هەشت مانگە بەردەوامە و ئامانجیانە زۆرترین خانم هۆشیاربکەنەوە لە باشی و بەسوودی شیری دایک بۆ کۆرپە و دایکەکە.