تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەیان هێندە زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژی 3ی تەممووز 815 کەس بوون لە رۆژێکدا، ئەوەش 80 هێندەی ژمارەی تووشبووانی هەمان رۆژی مانگی رابردووە، هەروەها ژمارەی تووشبووانی سێ رۆژی ئەم مانگە نزیکەی 29 هێندە لە سێ رۆژی یەکەمی مانگی رابردوو زیاترە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی هەولێر دەڵێت "بەهۆی پابەندنەبوونی خەڵک بە رێنوێنییەکان و زۆربوونی تووشبوون، رێنوێنیی نوێ دەردەکرێت."
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو بۆ ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، دەردەکەوێت ژمارەی تووشبووان لە ماوەی رابردوودا زۆر هەڵکشاون و بەو پێیەش هەرێمی کوردستان بە چڕی چووەتە نێو شەپۆلی پێنجەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژی 3ی تەممووزی ئەمساڵ، 815 کەس بوون، ژمارەی چاکبووانیش 129 کەس بوون، تووشبووانی نوێ بەم شێوەیە بەسەر پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش بوون:
- هەولێر: 368 تووشبوو
- سلێمانی: 150 تووشبوو
- دهۆک: 267 تووشبوو
- هەڵەبجە: 3 تووشبوو
- ئیدارەی گەرمیان: 21 تووشبوو
- ئیدارەی راپەڕین: 6 تووشبوو
لە کاتێکدا بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی 3ی حوزەیرانی ساڵی 2022، ژمارەی تووشبووان تەنها 10 کەس بوون، 11 کەسیش چاکبوونەتەوە، ژمارەی تووشبوانیش بەم شێوەیە بەسەر پارێزگا و ناوچەکاندا دابەش بوون:
- هەولێر: 1 تووشبوو
- سلێمانی: 2 تووشبوو
- دهۆک: 7 تووشبوو
- هەڵەبجە: هیچ تووشبوویەکی نەبووە
- ئیدارەی گەرمیان: هیچ تووشبوویەکی نەبووە
- ئیدارەی راپەڕین: هیچ تووشبوویەکی نەبووە
بەو پێیە دەردەکەوێت ژمارەی تووشبووانی هەمان رۆژی 3ی مانگی تەممووزی ئەمساڵ 80 هێندەی تووشبووانی 3ی حوزەیرانی ئەمساڵ تومارکراوە.
رۆژی سێسشەممە، د. بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر لەوبارەیەوە بە رووداوی راگەیاند، "ئێستا لە شەپۆلی پێنجەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناداین، راستە لەم شەپۆلەدا رێژەی گیانلەدەستدان کەمترە بەراورد بە جۆر و شەپۆلەکانی پێشتر، بەڵام ژمارەی تووشبوون زۆرتر و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێراترە."
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر گوتیشی، "دوورکەوتنەوەی خەڵک لە رێنوێنییەکانی تایبەت بە خۆپاراستن و دەستکردن بە تێکەڵبوون و پابەندنەبوون بە مەودای دووری، هۆکاری سەرەکین بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، دەبێت خەڵک زیاتر پابەندی رێنوێنییەکان بێت، چونکە ئێستا ئەوانەشی کە ڤاکسینیان کردووە ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە زیادیکردووە و دەیگرنەوە، بۆیە بەتایبەت لە رۆژانی داهاتوو و جەژنی قوربان بە نیازی دەرکردنی کۆمەڵێک رێنوێنیی نوێین تایبەت بە خۆپاراستن."
هەروەها بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان لە دوو هەفتە پێش رۆژی 3ی تەممووز، واتە لە رۆژی 20ی حوزەیرانی ساڵی 2022، ژمارەکە بریتی بووە لە 155 تووشبوو، 31 کەسیش چاکبوونەتەوە، تووشبووانیش بەم شێوەیە دابەشی سەر پارێزگا و شارەکان بوون:
- هەولێر: 99 تووشبوو
- سلێمانی: 14 تووشبوو
- دهۆک: 42 تووشبوو
- هەڵەبجە: هیچ تووشبوویەک نەبووە
- ئیدارەی گەرمیان: هیچ تووشبوویەک نەبووە
- ئیدارەی راپەڕین: هیچ تووشبوویەک نەبووە
لە بەدواداچوونەکەی رووداو بۆ ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەردەکەوێت لە رۆژانی 1 تاوەکو 3ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ژمارەی تووشبووان لەو سێ رۆژەدا تەنیا 56 کەس بوون، واتە بە تێکڕا نزیکەی 19 تووشبوو لە رۆژێکدا؛ بەڵام رۆژانی 1 تاوەکو 3ی ئەم مانگەی ئەمساڵ، ژمارەی تووشبووان لەو سێ رۆژەدا بۆ هەزار و 662 تووشبوو بەرزبووەتەوە، واتە بە تێكڕا 554 تووشبوو لە رۆژێکدا، بەو پێیە ژمارەی تووشبووانی ئەو سێ رۆژەی ئەم مانگە نزیکەی 29 هێندە زیاترە لە تووشبووانی ئەو سێ رۆژەی مانگی رابردوو.
د. بێریڤان عەدنان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کەمیی ڤاکسینکردن یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان و بە قسەی ئەو "دەبوو لە کۆتایی ساڵی 2021دا رێژەی 60%ی خەڵک ڤاکسینیان وەرگرتبایە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێژەکە لە دەوروبەری 50% دەبێت."
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر دەشڵێت، "یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو گۆڕانەیە، کە بەسەریدا دێت و دەتوانێت زوو زوو خۆی بگۆڕێت، بۆیە دەبێت تاوەکو دەکرێت خەڵک بە ئاگایانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و ماسک ببەستن و کەمترین تێکەڵییان هەبێت، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ژیانیان و بۆئەوەی جارێکی دیکە نەکەوینە باری کەرەنتینەوە."
ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ ڤایرۆس هەڕەشەی زۆریان لەسەر خەڵک دروستکردووە، ئەوانیش کۆرۆنا، تای خوێنبەربوون و کۆلێران، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی زوو زوو باس لە پێویستیی پابەندبوونی خەڵک بە رێنوێنییەکان بۆ خۆدوورگرتن لە کێشەی ڤایرۆسەکان دەکەن.
لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە لە هەرێمی کوردستان لە ئاداری ساڵی 2020ـەوە تاوەکو رۆژی 4ی تەممووزی 2022، 444 هەزار و 211 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەوانە 431 هەزار و 760 کەسیان چاکبوونەتەوە و حەوت هەزار و 453 کەسیشیان گیانیان لەدەستدا.