پڕۆفیسۆرێک لەبارەی داربەڕوو: شادەماری ژیانە
رووداو - تەندروستی
پڕۆفیسۆرێکی بواری پۆلێنزانیی رووەکی ئاشکرای دەکات، ئێستا بیابانەکانی عێراق ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بە پێویستی دەزانێت کە حکومەت پلانی ستراتیژیی هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
لە هەڤپەیڤینێکدا پڕۆفیسۆر سامان عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی پۆلێنزانیی رووەک دەڵێت: مرۆڤ ناتوانێت بەرگەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا بگرێت و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیدا بگونجێت.
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات کە بارانی بە لێزمە و دروستبوونی لافاو یەکێکە لە نیشانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان و بە پێویستیشی دەزانێت کە پلانی ستراتیژی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا هەبێت.
پڕۆفیسۆر سامان عەبدولڕەحمان دەڵێت: خۆشبەختانە لەنێو لووتکەی تەندروستیی کوردستان چەندان کەسی شارەزای بواری ژینگە بەشداربوون و سوود لە زانیاری و لێهاتوویان وەرگیریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان.
بە گوتەی ئەو پڕۆفیسۆرە، گۆڕانەکانی کەشوهەوا وێرانکارییەکانی گەورەن، بەجۆرێک لە هەندێک شوێن ئەوەندە باران دەبارێت کە وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام لە هەندێک شوێنیش بەهۆی کەم بارانەوە دەبێت بە بیابان و دەڵێت: ''لە هەرێمی کوردستان ئێستا ئەم دوو دۆخە هەن''.
پڕۆفیسۆر سامان عەبدولڕەحمان گوتی، بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی ئاوی شیرین بپارێزرێن، پێویستە رێگری لە کەمبوونەوەی دار و رووتانەوەی دارستانەکان بکرێت، هاوکات باسی داربەڕووش دەکات و دەڵێت: زۆرینەی ئەو ئاوەی لە شاخەکانەوە دێت، داربەڕووەکان کۆگەی دەکەن.
پڕۆفیسۆر سامان روونی دەکاتەوە، داربەڕوو لەڕێگەی رەگەکانییەوە ئاو گلدەداتەوە بەتایبەت لە زستاندا و دەڵێت: ''داربەڕوو شادەماری ژیانە، چونکە لە ساڵێکدا نزیکەی 70 هەزار گەڵا دروستدەکات، 235 هەزار لیتر ئۆکسجین بەرهەمدەهێنێت''.
ئەمەی خوارەوە پانێڵێکی تایبەتە بە گۆڕانەکانی کەشوهەوا و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو لەنێو لووتکەی تەندروستیی کوردستان