تەندروستیی جیهانی: کۆرۆنا وەک بارێکی نائاسایی جیهانی کۆتاییهاتووە

05-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئەو بارە نائاساییەی کە بەهۆی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان هەبوو، کۆتاییهاتووە. ئەم راگەیێندراوە بە هەنگاوێکی گەورە بە ئاراستەی کۆتاییهاتنی پەتاکە و سێ ساڵ دوای دۆزینەوەی ڤایرۆسەکە دێت. 
 
ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات، 24ـی مانگی رابردوو، مردن بەهۆی کۆرۆناوە دابەزی بۆ سێ هەزار و 500 کەس لە هەفتەیەکدا، لە کاتێکدا کە لە کانوونی دووەمی 2021 لە لووتکەدا بوو و هەفتانە 100 هەزار کەس پێی دەمردن. 
 
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە ئەمڕۆ هەینی گوتی، مردنی لانیکەم حەوت ملیۆن کەس بەهۆی پەتاکەوە تۆمارکراوە، بەڵام روونیشیکردەوە کە "دەکرێت" ژمارەی راستەقینەی مردووان لە 20 ملیۆن کەس نزیک بێت، واتە نزیکەی سێ هێندەی ئامارە فەرمییەکە؛ هۆشداریشی دا کە ڤایرۆسەکە بە هەڕەشەیەکی گەورە ماوەتەوە. 
 
ئەدهانۆم رایگەیاند، "دوێنێ بۆ پازدەیەمین جار، لیژنەی فریاگوزاری کۆبووەوە و پێشنیازی بۆ کردم کە کۆتاییهاتنی باری نائاسایی تەندروستیی نێودەوڵەتی رابگەیێنم. ئەو پێشنیازەم پەسندکرد، بۆیە بە هیوایەکی گەورەوە، کۆتاییهاتنی کۆرۆنا وەک بارێکی نائاسایی تەندروستیی جیهانی رادەگەیێنم."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی جیهانی گوتیشی، ئەو بڕیارەیان دوای شیکارکردنی هۆشیارانەی داتاکان داوە. 
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی 2019 لە وهانی چین دۆزرایەوە، دواتر بە خێرایی بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە و بە پەتایەکی جیهانی راگەیێندرا. 
 
بە گوێرەی ئامارەکانی پێگەی Worldometers، سەروو 687 ملیۆن و 600 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی کۆرۆنا بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.