پۆلیسی بەردەڕەش بۆ رووداو: ژنێک لە رۆڤیا دوای دەرزی لێدان گیانی لەدەستدا

05-04-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ژنێک دوای دەرزی لێدان لە یەکێک لە نۆرینگەکانی رۆڤیا، تەندروستیی تێکچوو و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ، گیانی لەدەستداوە.
 
عەمید سەعدی ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-04-2023، بووە. ژنەکە ناوی شەریهان حەسەنە و تەمەنی 35 ساڵ بووە. دەشڵێت، دوای دەرزی لێدان تەندروستی تێکچووە و رەوانەی فریاکەوتنی ئاکرێ کراوە، بەڵام لەوێ گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش، ئەو کەسەی دەرزییەکەی بۆ شەریهان داناوە، ناوی (ش، ر، س)ـە و وەکو خۆبەخش لە یەکێک لە نۆرینگەکانی رۆڤیا کاری کردووە، دوای رووداوەکە پەرستارەکە دەستگیرکراوە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش باسی لەوەش کرد، بەگوێرەی ئەوەی لەگەڵ کەسوکارەکەی قسەیان کردووە، ژنەکە نەخۆشیی نەبووە و کەمێک تەندروستی تێکچوو بوو، بۆیە رووی لەو نۆرینگەیە کردبوو.
 
هاوکات سەردار خانۆ، کەسوکاری ئەو ژنە بە رووداوی گوت، پێش چەند رۆژێک شەریهان بەهۆی پەتای وەرزییەوە چووەتە لای پزیشک و چەند دەرزییەکی وەرگرتووە، ئەمڕۆ چووە بۆئەوەی لە نۆرینگەیەکی رۆڤیا چوارەم دەرزی دابنێت، بەڵام دوای دانانی دەرزییەکە، تەندروستی تێكچووە و گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ژنە 35 ساڵە؛ چوار کوڕ و کچێکی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە. تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد کراوە و دواتر لە گوندی یەکمالە لە سنووری ناحیەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش بەخاک دەسپێردرێت.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە