رووداو دیجیتاڵ
جانێت کراولی هاووڵاتییەکی تەمەن 70 ساڵی بەریتانییە و رزگاربووی شێرپەنجەیە؛ بەخت یاوەری بووە کە لە قۆناخی سەرەتاییدا بە نەخۆشییەکەی زانی و پشکنینی پێشوەختە بووە فریادڕەسی.
جانێت دەڵێ "کاتێک تەمەنت گەورەتر دەبێت، شێرپەنجە وەکو سزای مردن سەیر دەکەیت؛ هەستیش بەوە ناکەیت پشکنینی پێشوەختە دەتوانێت ژیانت رزگار بکات، هەروەک ژیانی منی رزگار کرد."
تەندروستیی بەریتانیا دەڵێت، ساڵی رابردوو لە 200 هەزار تووشبووی شێرپەنجە، 120 هەزاریان لە قۆناخی سەرەتایی نەخۆشییەکەیان دەستنیشان کراوە.
ئەوەش لەماوەی دەیەی رابردوودا زۆرترین تووشبووی شێرپەنجەیە کە لەو قۆناخە دا نەخۆشییەکەیان دەستنیشان بکرێت و دەست بە وەرگرتنی چارەسەر بکەن.
جگە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەنێو خەڵک دا، بەرەوپێشچوونی سیستمی تەندروستی و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، یارمەتیدەرن بۆ زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.
پیتەر جۆنسن، بەڕێوەبەری کلینیکی شێرپەنجە باسی ئەوە دەکات "چەندین هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریمان بەڕێوەبردووە و چاومان خستووەتە سەر ئەو کەسانەی مەترسیی زۆری تووشبوونی شێرپەنجەیان لەسەرە، وەک ئەو کەسانەی جگەرەکێش بوون و ئەوانەشی کە تەمەنیان سەرووی 55 ساڵە."
بەرپرسانی بەریتانیا دەیانەوێت تاوەکو ساڵی 2028 زیاتر لە 75٪ ئەو کەسانەی تووشی شێرپەنجە دەبن، لە قۆناخی سەرەتایی دا نەخۆشییەکەیان دەستنیشان بکرێت. ئەوەش کاریگەریی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانە دەبێت کە بەو نەخۆشییە گیان لەدەستدەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ