سەنتەری تالاسیمیا لە هەڵەبجە: نەبوونی هەندێک پشکنین کێشەی بۆ نەخۆشەکانمان دروستکردووە

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیا لە هەڵەبجە دەڵێت: بەهۆی نەبوونی هەندێک پشکنینی ورد بۆ دەستنیشانکردنی جۆری گرووپی خوێن، کێشە بۆ تووشبووانی تالاسیمیا دروستبووە؛ ''هەفتەی رابردوو خوشک و برایەکی تووشبوو بوونەتە قوربانی''.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 4-11-2024 زیاد غەفار، بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیا لە هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، چەند جارێکە داوایان کردووە پێداویستییەکانی پشکنینی ورد بۆ جۆری گرووپی خوێن دابینبکرێت، بەڵام بێئەنجام بووە، پشکنینەکانیش بۆ ئەو خوێنانە دەکرێت کە دەدرێن بە تووشبووانی تالاسیمیا.
 
زیاد غەفار روونی دەکاتەوە، ئەو خوێنەی بۆ هەر تووشبوویەکی تالاسیمیا بەکاردەهێندرێت پێویستە پشکنینی وردی گرووپی خوێنی بۆ بکرێت، تاوەکو خوێنەکە بە تەواوی هاوتابێت لەگەڵ خوێنی تووشبووەکە، ''چونکە ئەگەر هاوتا نەبێت، ئەوا تووشبووانی تالاسیمیا تووشی کاریگەریی مەترسیدار دەبن''.
 
ئەوەش دەگێڕێتەوە کە هەفتەی رابردوو خوشک و برایەکی تووشبووی تالاسیمیا بەهۆی نەبوونی ئەو پشکنینانە تووشی هەستیاریی تووند بوون و بۆ چارەسەر رەوانەی سلێمانی کران.
 
ناسر عەبدولڕەحیم، کارمەندی تەندروستی لە تاقیگەی سەنتەرەکە پشتڕاستی کردەوە کە ناتواندرێت بە وردی جۆری گرووپی ئەو خوێنەی دەکرێتە نێو تووشبووانی تالاسیمیا لە هەڵەبجە دەستنیشانبکرێت، ئەمەش ژیانی تووشبووان دەخاتە مەترسییەوە و بەشێکیان ناچارن سەردانی سلێمانی بکەن.
 
ناسر عەبدولڕەحیم نەیشاردەوە، پشکنینە وردەکانی دەستنیشانکردنی گرووپی خوێنی لە هەولێر و سلێمانی دەکرێن، بەڵام لە هەڵەبجە هەرچەندە سەنتەریش هەیە، ئەو پشکنینانە نین.
 
بەپێی ئامارەکانی سەنتەرەکە، ئێستا ئەوانەی مانگانە خوێن وەردەگرن 16 تووشبووی تالاسیمیان و ئەوانەشی کە دەرمان و چارەسەری دیکە وەردەگرن نزیکەی 60 کەسن.