رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە رایدەگەیێنێت، بەهێزبوونی بەکتریاکان دژی دەرمانەکان و نەمانی کاریگەرییەکانی ئەو دەرمانانە دژی میکرۆبەکان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە و ئەگەر پشتگوێبخرێت، مەترسییەکەی زۆر زیاترە لە کۆرۆنا و شێرپەنجە.
د. زانا جەمالەدین دزەیی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە ئاشکرای دەکات، ''ئێستا لە سەرتاسەری جیهاندا، بابەتی بەرگریی بەکتریا، ڤایرەس و میکرۆبەکانی دیکە بەرامبەر دەرمانە دژە میکرۆبەکان هەیە و بە داخەوە چەندین نەخۆشم لە چاودێریی چڕ بەو هۆکارە تووشی لێکەوتەی تووند و مردن بوونەتەوە''.
د. زانا دزەیی دەڵێت: بەهێزبوونی بەکتریاکان و نەمانی کاریگەریی دەرمانەکان دژی میکرۆبەکان پەیوەندییان بە ژیان و مردنەوە هەیە و جگە لەوەی ئەرکێکی مرۆڤایەتییە، ئەرکێکی ئایینیشە.
بەرگریی میکرۆبەکان بەرامبەر دەرمانەکانی دژە میکرۆبەکان بریتییە لەوەی کە ئەو میکرۆبە (بەکتریا، ڤایرەس و کەڕوو) بە تەواویی بەرگریی دژی ئەو دەرمانانە پەیدا دەکات کە پێشتر بۆ لەنێوبردنی بەکاردەهاتن، واتا چیدیکە ئەو دەرمانە ناتوانێت ببێتەهۆی لەنێوچوونی میکرۆبەکە.
هەر بۆیە ئەو پسپۆڕە چوار تکای لە هاونیشتمانییان هەیە؛
1- تکایە بێ گەڕانەوە بۆ پزیشک، لە خۆتەوە دەرمانی دژەبەکتریا (ئەنتیبایۆتیک) بۆ هیچ شتێک بەکارمەهێنە! بۆ پەتای وەرزیی ڤایرەسیی، بۆ سکچوونی ڤایرەسیی و بۆ قوڕگ ئێشەیەکی ڤایرەسیی، دژەبەکتریا بەکارمەهێنە!
2- تکایە بێ گەڕانەوە بۆ پزیشکی پسپۆڕ، لە نۆرینگە لاکۆڵانەکانی گەڕەکەکەت لە خۆتەوە دەرزی و دەرمان و شرووبی دژەبەکتریا وەرمەگرە! لە خۆتەوە کانیولا دامەنێ و دە دەرزی تۆزە هەزارییەکە بۆ هەوکردنێکی سادەی ڤایرەسیی لەخۆت مەدە.
3- تکایە کاتێک پزیشک دژەبەکتریا یان هەر دژەمیکرۆبێکی دیکەت بۆ دەنووسێت، ژەمی تەواوی وەرگرە و بێ گەڕانەوە بۆ راوێژ بە پزیشکەکەت لە خۆتەوە کۆرسی دەرمانەکەت رامەگرە.
4- تکایە بۆ منداڵە ساواکەت کە تایەکی ڤایرەسیی هەیە، لە خۆتەوە عەلاگەیەک دەرمان لە دەرمانخانە وەرمەگرە تاوەکو راوێژ بە پزیشکەکەت نەکەیت.
لە کۆتاییدا گوتی، تەنیا پابەندبوون بەو خاڵانەی سەرەوە هۆکارێکی زۆر کاریگەرە بۆ کەمکردنەوەی بەرگریی میکرۆبەکان بەرامبەر دژەمیکرۆبەکان، تاوەکو خۆت، خۆشەویستانت و کۆمەڵگەش بپارێزیت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ