پۆدکاستی نەخۆشنامە؛ شاشەکان قسەکردنی منداڵ دوادەخەن

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

یەکەم پۆدکاستی 'نەخۆشنامە' باسی چیرۆکی ئەو پیاوەی دەکرد کە منداڵە حەوت ساڵانەکەی قسەی نەدەکرد، پسپۆڕێکی منداڵانیش دەڵێت، هیچ منداڵێک نییە لە تەمەنی ئاسایی قسەکردن تێپەڕی کردبێت و بەبێ یارمەتیی پزیشک چاکببێتەوە.
 
د. زاهیر گەردی، راوێژکاری نەخۆشییەکانی منداڵان لەنێو پۆدکاستەکە میوان بوو و گوتی، منداڵ لە تەمەنی سێ بۆ شەش مانگی زمانی دەبزوێت و فێری 'گغە و بڤە' دەبێت و دەنگ دەردەکات، ئەو پسپۆڕە گوتیشی، ئەگەر تاوەکو نۆ مانگیش منداڵ 'گغە و بڤە'ـی نەکرد، ئەوا هێڵی سوورە.
 
''شاشەکان منداڵ لە قسەکردن دوادەخەن''
 
د. زاهیر گەردی باس لە توێژینەوەیەکیان دەکات کە لەسەر منداڵانی هەرێمی کوردستان کراوە و کاریگەرییەکانی مۆبایل ئاشکرادەکات و دەڵێت، ئەو منداڵانەی مۆبایل و ئایپادیان بەکارهێنابوو، زۆرترینیان لە قسەکردن دواکەوتبوون.
 
پسپۆڕەکە روونی دەکاتەوە، منداڵانی خوار تەمەنی سێ ساڵی نابێت بەهیچ شێوەیەک ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکاربهێنن و لەبەردەم شاشەکان بن.
 
 
زیادبەکارهێنانی دەرزیی گەشە لە عێراق و هەرێمی کوردستان
 
د. زاهیر گەردی دژی زۆر بەکارهێنانی دەرزیی گەشەیە و دەڵێت: ''ئەوە بووەتە دیاردە کە هەر کەسێک بەبێ راوێژی پزیشک دەرزیی گەشە بۆ منداڵەکەی بەکاردەهێنێت، لەبری ئەوەی 5٪ بەکاربهێندرێت، کەچی ئێستا بۆ 95٪ـی منداڵان بەکاردەهێندرێت کە هیچ پێویستیان پێی نییە''.
 
رێنوێنیی دایک و باوکان دەکات، مەرج نییە هەر کاتێک پێیان وابوو منداڵەکەیان باڵای کورتە، ئیدی وا بیربکەنەوە کە دەرزیی گەشەی بۆ بەکاربهێنن، چونکە ئەوە پێویستی بە بینینی پزیشکی پسپۆڕە هەیە و دەبێت هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ منداڵەکە بکرێت.
 
 
 
نەخۆشنامە پۆدکاستێکی هۆشیاری تەندروستییە و هەفتانە لەلایەن د. هونەر رێبوار، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتنەوە پێشکێشدەکرێت.
 
لە نەخۆشنامەدا هەفتانە چیرۆکە جیاوازەکان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان لەنێوان پزیشک و چارەخوازان وەکو هۆکارێک بۆ هۆشیاری و تێگەیشتنی زیاتر لە دۆخی تەندروستی و رووداوە لەناکاوەکان باسدەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە