نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: ئەمساڵ زیاتر لە پێنج هەزار و 400 تووشبووی سکچوون و رشانەوە تۆمارکراون

04-09-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رایدەگەیێنێت، هەموو مانگ و ساڵێک ژمارەی تووشبووانی سکچوون و رشانەوە لەنێو منداڵاندا بەرزە و هۆکارەکەش ئاو و خۆراکی پیسە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی ئەیلوولی 2024 د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمالی تایبەت بە منداڵان بە رووداوی راگەیاند: بەشێکی زۆری هۆکاری تووشبوونەکان بە سکچوون و رشانەوە ڤایرۆسی و مشەخۆر بووە کە بەهۆی خۆراکی ناخاوێنی دەرەوە و ئاوی پیسەوە دووچاری بوون. 
 
د. کۆیان زاهیر هاوینشتمانییان ئاگاداردەکاتەوە کە بایەخ بە خۆراکی ماڵەوە بدەن و دووربکەونەوە لە خۆراکی سەر عەرەبانە و سەرچاوە نادیار.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەشی پشتڕاستکردەوە کە ''هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا لەنێو منداڵان لەلای ئەوان دەستنیشان نەکراوە''.
 
بە گوتەی د. کۆیان زاهیر، ئەگەر منداڵ سکچوون و رشانەوەی هەبێت و پشتگوێبخرێت، ئەگەری وشکبوونەوەی تووندی جەستەی دەبێت، بەمەش ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە دەڵێت: ''هەندێک لە تووشبووەکان دووچاری وشکبوونەوەی تووند بوون ئینجا هێندراونەتە نەخۆشخانەکە، کە لەو کاتەدا چارەسەرەکان قورس دەبن''.
 
تەنانەت جەخت لە پاکوخاوێنیی دەستەکان دەکات و رێنوێنیی هاونیشتمانییان دەکات، بایەخی زۆر بە شۆردنەوەی سەوزە و میوەکان بدەن و تادەتوانن خۆراک گەرم نەکەنەوە بۆ ژەمێکی دیکە، هەروەها خۆراکیش لەنێو ساردکەرەوەدا دابنێن.
 
بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی سلێمانی، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا لەو نەخۆشخانەیە پێنج هەزار و 400 تووشبووی سکچوون و رشانەوە تۆمارکراون؛ مانگی تەممووز زۆرترین تووشبووی تێدا تۆمارکراوە کە هەزار و 158 منداڵ بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەربەندیخان

تەندروستیی دەربەندیخان داوای ئامێری نوێی شووشتنی گورچیلە دەکات

بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، داوای چوار ئامێری شووشتنی گورچیلەیان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە و بە نووسراویش بەرزیان کردووەتەوە، رەزامەندییان لەسەر دراون، بەڵام تائێستا نەکڕدراون. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانیش دەڵێ، ساڵی داهاتوو داواکە دەدەنە وەزارەتی تەندروستی.