رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن لە رووسیا ئاشکرای دەکات، بەکارهێنانی مۆبایل راستەوخۆ لە دوای لەخەوهەستان خراپترین خووی ناتەندروستە، هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.
د. ئۆلگا بۆکێریا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و سەرۆکی دەستەی پزیشکانی ناوەندی توێژینەوە و پزیشکی بۆ دڵ لە رووسیا دەڵێت: ''کاتێک لەدوای لەخەوهەستان مۆبایل بەکاردەهێندرێت، گوشار لەسەر مێشک دروستدەبێت و پڕۆسەی بەخەبەرهاتنەوەی مێشک تێکدەچێت''.
تەنانەت ئەوەش باسدەکات، مێشک دوای بەخەبەرهاتنەوە چەند ساتێکی پێویستە بۆ ئەوەی کارلێک لەگەڵ دەوروبەری و نیشانە دەمارییەکانی رێکبخاتەوە، بەڵام بە بەکارهێنانی راستەوخۆی مۆبایل شەپۆلەکانی مێشک تێکدەچن و لەناکاو دەچنە باری ئاگایی تەواوەتییەوە، کە ئەمەش زیان بە میزاجی کەسەکە دەگەیێنێت.
بە گوتەی د. ئۆلگا بۆکێریا، باشترە دوای نیو کاژێر لە بەخەبەرهاتنەوە، مۆبایل بەکاربێت و کاژێرێک پێش خەوتنیش بە هیچ شێوەیەک بەکارنەیەت.
بە گوێرەی کۆمەڵەی خەو لە ئەمریکا، ئەم 10 هەنگاوە یارمەتیی باشترکردنی میزاجی دوای لەخەوهەستان دەدەن؛
1- شەوان ئامادەکاری بۆ کارەکانی بەیانی هەبێت، بۆ ئەوەی بەیانییان تووشی شڵەژان نەبیت.
2- زووتر لەخەوهەستە، بۆ ئەوەی کاتی زیاترت لەبەردەست بێت بۆ ژەمی بەیانی و پێڕاگەیشتن بە خۆئامادەکردن.
3- هەموو رۆژێک لەهەمان کاتدا لەخەوهەستە، ئەمە وادەکات دەروون باشتربێت و دڵەڕاوکێ کەمببێتەوە.
4- لەگەڵ لێدانی یەکەم زەنگی ئاگادارکردنەوە لەخەوهەستە و زەنگەکە دووبارە مەکەرەوە، چونکە ئەمە بە درێژایی رۆژەکە دڵەڕاوکێ زیاددەکات.
5- زەنگی ئاگادارکردنەوە مامناوەند بێت، چونکە دەنگی تیژ و بەرز لە یەکەم چرکەی لەخەوهەستان مێشک ئاڵۆز دەکات و گوشاری دەروونی زیاددەکات.
6- دوای لەخەوهەستان پەرداخێک ئاو بخۆرەوە، ئەمە یارمەتیی باشترکردنی فەرمانەکانی جەستە دەدات.
7- دوای لەخەوهەستان هیچ جووڵەیەکی کتوپڕ مەکە، تاوەکو ئێسک و جومگەکانی جەستە بە تەواوی دەکشێن و ئامادەدەبن.
8- دوای لەخەوهەستان وەرزشی مامناوەند بکە.
9- بەیانییان ئەو کارانە بکە کە چێژت پێدەدەن، وەکو گۆرانیگوتن، خۆشۆردن، خواردنەوەی چا لەنێو کووپە دڵخوازەکەت و پرژاندنی بۆن بە ژوورەکەتدا.
10- بایەخدان بە پلانی رۆژانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ