رووداو دیجیتاڵ
جەواد ئاقازادە، سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکی ورمێ دەڵێت، کێشەی نەبوونی ڤاکسین لە پارێزگاکە تاوەکو دوو رۆژی داهاتوو چارەسەر دەبێت و ڤاکسین دابین دەکرێت.
ئەوە یەکەمجارە بەرپرسانی پزیشکیی پارێزگای ورمێ باس لە نەبوونی ڤاکسین لەو پارێزگایەدا دەکەن. هەفتەی رابردوو بەرپرسانی پزیشکی پارێزگاکانی سنە و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی ئێران باسیان لە نەبوونی ڤاکسینی کۆرۆنا کرد.
سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکی ورمێ ئێوارەی رۆژی هەینی 3-9-2021 ئەو پرسەی لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری تەندروستیی ئێران باسکرد.
بەهرام عەینوڵڵاهی، وەزیری تەندروستیی ئێران ئێوارەی رۆژی هەینی 3-9-2021 هەندێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێی بەسەر کردەوە و گوتی: تاوەکو رۆژی یەکشەممە نزیکەی 15 ملیۆن ژەم ڤاکسین هاوردە دەکرێ و بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێ.
وەزیری تەندروستیی ئێران گوتی: "کاری لەپێشینەی وەزارەتی تەندروستی خێراترکردنی وەرگرتنی ڤاکسین دەبێت لە لایەن خەڵکەوە.
بەهرام عەینوڵڵاهی رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو گوتی: 27 ملیۆن قورچکی یەکەمی کۆرۆنا بەکارهاتووە و دەبێت 93 ملیۆن قورچکی دیکەش لە خەڵک بدرێت.
لە پارێزگای ورمێ، 631 هەزار کەس ژەمی یەکەم و 281 هەزار کەس هەردوو قورچکی پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
بەهرام عەینوڵڵاهی گوتیشی: زانکۆکانی زانستیی پزیشکی ناوچە سنوورییەکانی ئێران بەگوێرەی پێویست پێشکەوتوو نین، یەک لەوانەش زانکۆی زانستیی پزیشکیی ورمێیە.
وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێ: نەخۆشخانەکانی پارێزگای ورمێ لەڕووی هێزی مرۆییەوە کێشەی گەورەیان هەیە و هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی کەرەستەی پزیشکی نەخۆشخانەکان، دەبێت گرنگی بە هێزی مرۆیی و دامەزراندنی خەڵکی خۆجێیی بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ