لە پارێزگایەکی باکووری کوردستان هەڵمەتێک بۆ بەخشینی ئەندامانی جەستە بەرفراوان دەکرێت

رووداو - تەندروستی 

"ژیان خۆشە، ژیاندنەوەش" ناونیشانی هەڵمەتێکی بەخشینی ئەندامانی جەستەیە لە پارێزگای ئیدری باکووری کوردستان.
 
هاونیشتمانیان ناویان تۆماردەکەن و بەڵێن دەدەن، دوای گیانلەدەستدانیان، ئەندامانی جەستەیان بۆ ئەو کەسانە بچێندرێت کە پێویستیانە.
 
گولسوم ئەیریجە، پسپۆڕێکی چاندنی ئەندامانی جەستە و دەڵێت: "ستاندمان دانا و بەخشینمان راگەیاند. تەنیا لە رۆژێکدا 45 کەس ئەندامی جەستەی خۆی بەخشی. ئەمە بۆ ئێمە ئامارێکی باشە. بەمشێوەیە هۆشیاری بۆ خەڵکی خۆمان بڵاودەکەینەوە. ناوبەناو خولیش دەکەینەوە".
 
ئەو هاونیشتمانییەی دەیەوێت ئەندامانی جەستەی ببەخشێت، فۆرم پڕدەکاتەوە، دوای ئەوەی رەزامەندی نیشاندا، حکومەت مافی ئەوەی هەیە دوای گیانلەدەستدانی ئەو کەسە، سوود لە ئەندامانی جەستەی وەربگرێت.
هاوکات لەسەر ناسنامەی کەسی بەخشەر، ئاماژە بەو بەخشینە دەکرێت.
 
نازان ئاراس، بەخشەری ئەندامێکە و دەڵێت: "لەڕاستیدا پێشتریش بیرم لێکردبووەوە و دەمویست ببمە گیان بۆ کەسێکی دیکە. هیوادارم ببێتە قسمەتم. بەڕاستی دەبێت هەمووان بیکەن و شتێک نییە لێی بترسن. لێرەش خەڵک هۆشیاردەکەنەوە و پڕۆژەیەکی جوانە".
 
لە ساڵی 2002 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2023، لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 74 هەزار و 704 گواستنەوەی ئەندامانی جەستە کراون.
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، ژمارەی بەخشەرانی ئەندامانی جەستە، 600 هەزاری تێپەڕاندووە.
 
لەکاتێکدا لەکۆی 85 ملیۆن هاووڵاتی، نزیکەی 30 هەزار کەس چاوەڕێی ئەندامی جەستەی بەخشەران دەکەن بۆ ئەوەی لە مەرگێکی چاوەڕوانکراو، رزگاریان بێت. ساڵانەش 4 بۆ 5 هەزار بەشتەرگەریی گواستنەوە یان چاندنی ئەندامانی جەستە دەکرێن.