توێژینەوەیەک: دەرمانەکانی کێشدابەزاندن ئەگەری لەدەستدانی بینایی زیاددەکەن

04-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، ئەوانەی دەرمانەکانی کێشدابەزاندن بەکاردەهێنن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکی دەگمەنی چاو حەوت ئەوەندە زیاددەبێت.
 
توێژینەوەکە لەلایەن پزیشکانی نەخۆشخانەی چاو، قوڕگ، لووت و گوێی ماساچووسێتسی ئەمریکا کرا و دەرکەوت، ئەوانەی دەرمانی سیماگلوتاید بەکاردەهێنن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکی چاو بە ناوی NAION زۆرە. 
 
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا دەڵێت: مادەی سیماگلوتاید لەنێو دەرمانەکانی کێشدابەزاندن دا هەیە.
 
بەپێی سەنتەری پەتازانی لە ئەمریکا، NAION دووەم هۆکاری لەدەستدانی بیناییە و لەکۆی 100 هەزار کەس، تەنیا 10 کەس تووشی دەبێت، بەڵام بەکارهێنانی دەرمانەکانی کێشدابەزاندن دەشێت ئەم رێژەیە زیادبکەن.
 
توێژینەوەکە لەسەر 17 هەزار کەس کرا و ئاماژە بەوەشدەکات، لە سێ ساڵدا 8.9٪ـیان لەگەڵ بەکارهێنانی دەرمانەکانی کێشدابەزاندن دووچاری نەخۆشیی NAION بوون.
 
جۆزێف ریزۆ، بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو لە نەخۆشخانەکە دەڵێت: هەرچەندە دەرمانەکان سوودێکی زۆریان هەبووە بۆ دابەزاندنی کێش، بەڵام دەشێت کۆمەڵێک کاریگەریی لاوەکیی لەبەرچاو بگیرێت کە یەکێکیان تووشبوونە بە نەخۆشیی NAIONـیە.
 
گوتەبێژی یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری دەرمانی کێشدابەزاندن دەڵێت: سەلامەتیی بەکارهێنەرانیان لەلا گرنگە و هەموو ئەنجامە نەرێنییەکانی توێژینەوە و دەرخستەکانیش بە هەند وەردەگرن.
 
وردەکاریی لەبارەی نەخۆشیی Non-Arteritic Anterior Ischemic Optic Neuropathy
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی تەممووزی 2024 د. عەباس نزار، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو بە رووداوی راگەیاند، نەخۆشیی NAION پێی دەگوترێت تێکچوونی بەشی پێشەوەی دەماری بینین بەهۆی لێبڕانی خوێن، چونکە خوێن و ئۆکسجین بۆ ئەو دەمارەی چاو ناڕوات و کەسەکە ناڕێکیی بینینیی تووشدەبێت.
 
د. عەباس نزار دەڵێت: ئەو کەسانەی کە کێشەی پچڕانی کاتیی هەناسەدانیان هەیە لەکاتی خەودا یاخود ئەوانەی کە ڤیاگرا زۆر بەکاردەهێنن، ئەگەری تووشبوونیان بەو نەخۆشییە زۆرە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا دەشڵێت: سەرەتای نیشانەی نەخۆشییەکە بە لاوازیی بینین دەستپێدەکات، ئینجا دەبێتە لەدەستدانی بینینی هەمیشەیی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە