توێژینەوەیەک: شێوازی ژیانی تەندروست پێشگیری لە قەڵەویی بۆماوەیی دەکات

04-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

قەڵەوی پرسێکی سەرەکییە لەبەردەم قەیرانی تەندروستیی جیهان، نوێترین توێژینەوە لەبارەیەوە ئاشکرای دەکات، ئەگەر شێوازی ژیانی تەندروست هەبێت، ئەوا قەڵەویی بۆماوەیی پێشگیری لێدەکرێت.
 
توێژینەوەکە بە هاوبەشی لەنێوان سکووڵی پزیشکیی هارڤارد و نەخۆشخانەی گشتیی ماساچوسێتسی ئەمریکی لەسەر زیاتر لە 338 هەزار کەس کرا و دەرکەوت، شێوازی ژیانی تەندروست ئەو کەسانەی بە کێشڕێک هێشتووەتەوە کە جینی قەڵەویان لێدەستنیشانکراوە و لەنێو ماڵباتەکانیان قەڵەوی هەیە.
 
پسپۆڕان کاریان لەسەر پێنج بنەمای شێوازی ژیانی تەندروست کرد وەکو 'نەخواردنەوەی کحول، خەوی رێک، جووڵەی رۆژانە، وەرزش و خۆراکی تەندروست'.
 
د. مین سیۆ کیم، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: ئەنجامی توێژینەوەکەمان ئومێدبەخشە بۆ ئەوانەی لە مەترسی قەڵەوبووندان، بۆیە با شێوازی ژیانیان تەندروست بێت و ترسیان لە قەڵەوی نەبێت.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە ئامانەی خوارەوە شێوازی ژیانی تەندروستن؛
 
- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدرێت.
- بایەخ بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان بدرێت.
- پڕۆتین لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی بەدەستبهێندرێت.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- بەهێزیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
- دوورکەوتنەوە لە کحول، جگەرە و نێرگەلە
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی
 
لەم پۆدکاستەوە کە د. کارزان عەبدوڵڵا پێشکێشی کردووە، زۆرترین زانیاریی لەبارەی قەڵەوییەوە بزانە؛
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە