لە ئەمریکا تاقیکردنەوە لەسەر 'قاچی رۆبۆتی' دەکرێت

04-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە ئەمریکا قاچێکی رۆبۆتی بۆ نیڤشکانان تاقیدەکرێتەوە کە هاوشێوەی ئەندامێکی جەستە رۆڵ دەبینێت و لەلایەن کۆئەندامی دەماریی کەسەکەوە کۆنتڕۆڵدەکرێت.
 
توێژەرانی پەیمانگەی تەنکۆلۆژیای ماساچووسێتسی ئەمریکی قاچێکی نوێی رۆبۆتی بۆ ئەوانەی قاچیان بڕاوەتەوە لەسەر حەوت کەس تاقیدەکەنەوە و پسپۆڕان دەڵێن، وەک ئەندامێکی جەستە جووڵەدەکات، چونکە نێردەرە کارەباییەکان لە مێشکی کەسەکەوە وەردەگرێت تاوەکو بنووشتێتەوە.
 
هاوکات هەگ هێرێر، هاونووسەری تاقیکردنەوەکە و پڕۆفیسۆری زانستە تەکنۆلۆژییەکان لە پەیمانگەکە دەڵێت: ''قاچە رۆبۆتییەکە بە تەواوی خۆی لەگەڵ جەستەی کەسەکە دەگونجێنێت و نیشانە کارەباییەکان لە مێشکەوە وەردەگرێت، تاوەکو هاوشێوەی قاچێکی ئاسایی کاربکات''.
 
تەنانەت لە تاقیکردنەوەکە ئاماژە بەوەش دەکرێت، ئەوانەی تەکنیکەکەیان بۆ بەکارهێنراوە خێراتر و چالاکانەتر بەڕێدا دەڕۆن بەراورد بە قاچی دەستکردی ناڕۆبۆتی، هەگ هێرێر دەشڵێت: ''بەکارهێنەران ئاسانتر بە پلیکانەدا سەردەکەون و ئازاری ماسوولکەکانیان لە رێکردندا کەمترە''.
 
بە گوێرەی توێژەران، لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا تاقیکردنەوەکان لەسەر قۆڵ و قاچی رۆبۆتی بەردەوامدەبن، تاوەکو ببنە ئومێدێک بۆ باشترکردنی شێوازی ژیانی نیڤشکانان و جووڵەکانیان ئاسایی ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە