هۆشداری لە پیسبوونی چەند رەنگێکی براندی بەنێوبانگی تاتۆ دەدرێت

04-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک دەریدەخات، زیاتر لە سێیەکی رەنگی تاتۆ مەترسیدارن بۆ بەکارهێنان و دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا دەڵێت: ''بەهیچ شێوەیەک بەکارنەهێندرێن''.
 
سەنتەری نیشتمانی بۆ توێژینەوەی ژەهر لە دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، لەکۆی پشکنینی 75 رەنگی تاتۆ کە براندەکانیان بەنێوبانگ بوون، 35٪ـیان چەند جۆرێک بەکتریایان تێدابووە کە هۆکاری هەوکردنی تووند و نەخۆشیی جیاوازن.
 
هاوکات توێژینەوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، هەرچەندە ئەو رەنگانەی پشکنینیان بۆ کراوە، نەکراونەتەوە و بە باشی پێچراونەتەوە، بەڵام بەکتریایان تێدابووە و پیسبوون، بە گوتەی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەش، ئەوە هۆکار دەبێت بۆ هەوکردن و هەستیاریی تووند.
 
د. سیۆنگ جای کیم، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژیی سەنتەری نیشتمانیی بۆ توێژینەوەی ژەهر لە FDA دەڵێت: 34 جۆری جیاواز لە بەکتریا لەنێو رەنگی تاتۆکان دۆزراونەتەوە کە باوترینیان بریتیبوون لەو بەکتریایانەی کە دەبنەهۆی 'هەوکردنی میزەڕۆ، هەستیاری و هەوکردنی تووندی پێست، هەوکردنی سییەکان، هەوکردنی پەردەی دڵ و مردن'.
 
مەترسییەکانی رەنگی پیسبووی تاتۆ بە گوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا ئەمانەن؛
 
- هەستیاریی تووند
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە بەکتریا بەهێزەکان
- شێرپەنجەی خوێن
- تووشبوون بە ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەری جۆری B و C 
- تووشبوون بە نەخۆشیی ئەیدز
- سووربوونەوە و پەڵەی سەر پێست
- لەرز و تا
- ئارەقکردنەوە و بێهێزی
 
بە گوێرەی ناوەندی توێژینەوەی پیو لە ئەمریکا، 32٪ـی ئەمریکییەکان تاتۆیان هەیە کە 40٪ـیان لەنێوان تەمەنی 18 بۆ 34 ساڵن، ئەم وێنەیەی خوارەوە چەند نیشانەیەکی نەخۆشین کە بەهۆی نادروستی و ناخاوێنیی تاتۆکردنەوە دروستبوون.

 
لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست مەرجەکانی کردنی تاتۆ ئاشکرادەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە