FDA یەکەم ڤاکسین بۆ ڤایرۆسێکی بەربڵاو پەسنددەکات

رووداو - تەندروستی 

دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا یەکەم ڤاکسینی بۆ ڤایرۆسی RSV پەسندکرد کە هێرشدەکاتە سەر کۆئەندامی هەناسە و ساڵی رابردوو وەکو پەتایەک بڵاوبووەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە 3-4-2023 دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا، یەکەم ڤاکسینی بۆ ڤایرۆسی دەردە سەرما 'RSV' راگەیاند، ڤاکسینەکە بەناوی 'Arexvy' بەردەست دەبێت و لەلایەن کۆمپانیای 'GSK'ـی بەریتانی بۆ دروستکردنی دەرمان بەرهەمهێنراوە.
 
دکتۆر پیتەر مارک، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە لە دەزگاکە دەڵێت: ڤاکسینەکە دەدرێت بەو کەسانەی کە لە گرووپە مەترسیدارەکانن بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسەکە وەکو تووشبووانی 'نەخۆشییەکانی دڵ، هەوکردنی سییەکان و لاوازیی بەرگریی جەستە'، هەروەها کەسانی بەساڵاچووی سەروو 60 ساڵان. 
 
رەزامەندی دەزگاکە دوای ئەوەدێت کە ڤاکسینەکە لە تاقیکردنەوە پزیشکییەکاندا لەسەر 12 هەزار و 500 کەس تاقیکراوەتەوە و بەڕێژەی 82.6٪ کاریگەر بووە بۆ پێشگیریکردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە. 
 
دکتۆر تۆنی وود، سەرۆکی دەستەی زانایانی کۆمپانیای GSK دەڵێت: ''چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ڤاکسینەکە بۆ خانمانی دووگیانیش بەرکاربهێنرێت لەپێناو پاراستنی کۆرپەکانیان دوای لەدایکبوون.''
 
دکتۆر تۆنی گوتیشی: ڤاکسینەکە کاریگەریی لاوەکیی نییە و تەنیا لەکاتی کوتاندا وەکو هەر ڤاکسینێکی دیکە لەهەندێک کەس شوێنی لێدانەکەی سووربوونەوە و ئازاری کاتی هەبووە. 
 
بە گوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا، RSV ڤایرۆسێکە بەخێرایی دەگوازرێتەوە و دەبێتەهۆی هەوکردنی تووند لە کۆئەندامی هەناسە بەتایبەت لەوەرزی زستاندا.
 
ناوەندی CDC رایدەگەیێنێت، لە ئەمریکا ساڵانە 60 هەزار بۆ 120 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی RSV تۆماردەکرێن و نزیکەی 10 هەزار کەسیش بەهۆی پاشهاتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەوە گیانلەدەستدەدەن کە زۆرینەیان کەسانی سەروو 65 ساڵانن.