پشكنینێكی نوێ دەستنیشان و چارەسەری جەڵتەی دڵ پێنج هێندە خێراتردەکات


رووداو- هەولێر 

سەنتەری خزمەتگوزاری تەندروستی بەریتانیا پشكنینێكی نوێ بۆ جەڵتەی دڵ دەستپێدەکات، دەڵێت پشكنینەکە ورد و خێرایە و چارەسەری جەڵتەی دڵ خێراتر دەکات.


بەگوێرەی راگەیێندراوی سەنتەری خزمەتگوزاری تەندروستی بەریتانیا لەمەودوا لە نەخۆشخانەکانی بەریتانیا بە پشكنینی سێ رەهەندی جەڵتەی دڵ دەستنیشاندەکرێت، کە ئەمەش تەکنۆلۆژیایەکی نوێیە بۆ دەستنیشانکردنی لێشاوی خوێن لەجیاتی پشكنینی سیتی سکان. 

سەنتەری خزمەتگوزاری تەندروستی بەریتانیا دەڵێت پشكنینی سێ رەهەندی لەماوەی ٢٠ خولەکدا دەستنیشانی جەڵتەی دڵ دەکات و ئەمەش یارمەتیدەردەبێت کە نەخۆشەکان زووتر چارەسەر وەربگرن، دەشڵێت دەیانەوێت لە ٣ ساڵی داهاتوودا لانیکەم پشكنینەکە بۆ ١٠٠ هەزار کەس بکەن. 

سەنتەری خزمەتگوزاری تەندروستی بەریتانیا روونیدەکاتەوە لەگەڵ دەستپێكردنی ئەم پشكنینە، دەتوانن لەمەودوا لەجیاتی پشكنینی سیتی سکان، بەخێرایی دەستنیشانی تووشبووان بکەن و تەواوی پرۆسەی دەستنیشانکردن و چارەسەری جەڵتەی دڵ پێنج هێندە خێراتربکەن.