زیاتر لە شەش هەزار پزیشکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە ئەڵمانیا کار دەکەن

04-03-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئامارێکی حکومەتی ئەڵمانیا، زیاتر لە 60 هەزار پزیشکی بیانی لەو وڵاتە کار دەکەن، کە زۆرترینیان خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستانن، پزیشکانی رۆمانیش لە پلەی دووەمدا دێن.

کۆمەڵەی پزیشکانی ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە، 63 هەزار و 763 پزیشکی بیانی لە ئەڵمانیا کار دەکەن، پزیشکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان پشکی شێریان بەرکەوتووە و زیاتر شەش هەزار و 120 پزیشکن. لە دوای ئەوانیش پزیشکانی رۆمانین، کە ژمارەیان چوار هەزار و 668 پزیشکە. 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارە، لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا، ژمارەی پزیشکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئەڵمانیا زیادیکردووە و لە ساڵی 2022، ژمارەی پزیشکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا پێنج هەزار و 339 پزیشک بوون و ساڵی رابردوو نزیکەی هەزار پزیشکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا روویان لە ئەڵمانیا کردووە. 
 
بەپێی ئامارەکەی کۆمەڵەی پزیشکانی ئەڵمانیا، پزیشکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە پلەی پێنجەم دێن بەوەی زۆرترین پزیشکیان لە ئەڵمانیا کار دەکەن و ژمارەیان دوو هەزار و 628 پزیشکن.
 
لە پێش پزیشکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە پلەی چوارەم پزیشکانی رووسیا دێن، کە دوو هەزار و 941 پزیشکیان لە ئەڵمانیا کار دەکەن. شەپۆلی کۆچی پزیشکانی رووسیا بۆ ئەڵمانیا لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022، دەستیپێکردووە. 
 
کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەداوە لە 10 ساڵی رابردوودا، شەپۆلی کۆچبەران بۆ ئەڵمانیا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زۆربوونی ژمارەی پزیشکانی بیانی لەو وڵاتە هەبووە و لە ساڵی 2013، نزیکەی 30 هەزار پزیشکی بیانی لە ئەڵمانیا کاریان کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 1993 تەنیا 10 هەزار پزیشکی بیانی لە ئەڵمانیا بوون. 
 
بەڵام کۆمەڵەی پزیشکانی ئەڵمانیا دەڵێت، سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی پزیشکانی بیانی لە وڵاتەکە، هێشتا ئەڵمانیا بەدەست کەمیی ژمارەی پزیشکەوە دەناڵێنێت. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە ساڵانە نزیکەی 11 هەزار خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان لە بوارەکەی خۆیان کار دەکەن.  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەرمانەکە. وێنە: US Today

FDA هۆشداری دەدات لە دەرمانێکی باوی رەبۆ

دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دەرمانێکی رەبۆ کە زۆر بەکاردێت، ئەگەری تووشبوون بە چەند نەخۆشییەکی دەروونی زیاددەکات؛ هۆشداریش لەبەکارهێنانی دەدرێت.