کۆنفرانسی مێدیکاڵ کوردستان: هێشتا ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتییان لە مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ کەمە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانیی لە پانێڵێکی کۆنفرانسیی نێودەوڵەتی مێدیکاڵ کوردستان رایدەگەیێنێت، زۆرینەی هاووڵاتییان ترسیان لە شێرپەنجە هەیە، بەڵام بێئاگان لەوەی کە نەخۆشییەکانی دڵ یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانە و هۆشیارییان لەبارەی نەخۆشییەکەوە نییە یاخود زۆر کەمە.
 
رۆژی 3ـی ئاداری 2023 لە دوایین رۆژی کۆنفرانسی مێدیکاڵ کوردستان، دکتۆر نازلین شاکر ئاکرێیی، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی و مامۆستای زانکۆ لە بوولتەنی کاژێر 12دا گوتی، توێژینەوەکەمان دەریخستووە کە هۆشیاریی تەندروستی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لەنێو هاووڵاتییاندا و بەتایبەت لەنێو خانمان زۆر کەمە و زۆرینەیان بێئاگان لە پاشهاتە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە.
 
دکتۆر نازلین روونی دەکاتەوە، زۆرینەی خانمان لە نەخۆشیی شێرپەنجە بەتایبەت شێرپەنجەی مەمک دەترسن، بەڵام نەخۆشییەکانی دڵیان لەلا ئاساییە، لەکاتێکدا یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانە لە جیهاندا، هەروەها گوتی، ''ئەرکی دەزگا میدیاییەکانە هۆشیاری زیاتر لەبارەی نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان بڵاوبکەنەوە.''
 
بە گوتەی پسپۆڕەکە، زۆرینەی بەشداربووانی توێژینەوەکە پێیان وابووە، زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدان لە جیهاندا شێرپەنجەی مەمکە، پسپۆڕەکە ئاشکراشی دەکات، بە پێچەوانەوە نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانە. 
 
دکتۆر نازلین باس لە هۆکارە باوەکانی نەخۆشییەکانی دڵ لە هەردوو رەگەزەکە دەکات وەکو 'قەڵەوی، بەرزەپەستانی خوێن، نەخۆشیی شەکرە، بەرزیی چەورییەکان، کێشانی جگەرە و نێرگەلە و کەمیی چالاکیی جەستەیی'، هەروەها ئاماژە بە هەندێک هۆکاری تایبەت لە خانماندا دەکات و دەڵێت: ''بەرزەپەستانی خوێن لەماوەی دووگیانی یاخود دەرمانە کیمیاییەکانی نەخۆشیی شێرپەنجە' دەشێت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لە خانماندا زیادبکەن. 
 
دکتۆر نازلین ئاکرێیی وەکو پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانی لە بارەی پسپۆڕییەکەیەوە گوتی، پزیشکیی خێزانی پسپۆڕییەکی سەردەمە و بەشێوەیەکی بەرفراوان و بەردەوام خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکێش بە ئەندامانی خێزان لە هەموو تەمەنێک و بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەک دەکات.
 
هەروەها دەڵێت: ''جگە لە چارەسەریی نەخۆشییەکان، هاووڵاتییان دەتوانن بۆ رێنوێنی لە پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان و وەرگرتنی زانیاری لەسەر کاریگەریی لاوەکیی دەرمانەکان پەنا بۆ پسپۆڕی پزیشکی خێزانی ببەن.''