کۆنفرانسی مێدیکاڵ کوردستان: دەشێت سپێرم و هێلکەی تووشبووانی شێرپەنجە بۆ پاراستنی توانای وەچەخستنەوەیان هەڵبگیرێت

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی خانمان و منداڵبوون لە دوایین رۆژی کۆنفرانسی مێدیکاڵ کوردستان جەخت لە پاراستنی توانای وەچەخستنەوەی تووشبووانی شێرپەنجە دەکات و رایدەگەیێنێت، پێویستە پیاوان سپێرم و خانمانیش هێلکەکانیان هەڵبگیرێن، دوای چاکبوونەوەیان بۆ دروستبوونی منداڵ و گەڕانەوەی توانای وەچەخستنەوەیان بەکاربهێندرێنەوە. 
 
رۆژی هەینیی 3ـی ئاداری 2023 لە دوایین رۆژی کۆنفرانسی مێدیکاڵ کوردستان، دکتۆر سروە خالید، پسپۆڕی خانمان، منداڵبوون و راوێژکاری نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانی خانمان لە بوولتەنی کاژێر 11دا گوتی، ئامانجیانە پردێک دروستبکەن لە نێوان پسپۆڕانی شێرپەنجە لەگەڵ پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون، هەروەها جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هیوایەک بە تووشبووانی شێرپەنجە بدەن تاوەکو دوای وەرگرتنی چارەسەر و چاکبوونەوەیان لە نەخۆشییەکە بتوانن منداڵیان ببێت و توانای وەچەخستنەوەیان پارێزراوبێت. 
 
بە گوتەی دکتۆر سروە، زۆرینەی تووشبووانی شێرپەنجە لە چینی گەنجانن و بەشێکی زۆریان ژیانی هاوژینیان پێکنەهێناوە، هاوکات دەڵێت: ''بەهۆی کاریگەریی لاوەکیی چارەسەرە کیمیاییەکان و نەشتەرگەریی شێرپەنجە، نەخۆشییەکە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کار لە توانای وەچەخستنەوەی تووشبووان دەکات.'' 
 
پسپۆڕەکە رێگەیەکی پاراستنی توانای وەچەخستنەوە لە پیاوان رووندەکاتەوە و دەڵێت: ''پیاوانی پێگەیشتوو پێش وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی پێویستە بچن بۆ ناوەندی منداڵە بلوورییەکان تاوەکو سپێرمیان لێوەربگیرێت و پاشان لە پلەی گەرمیی دیاریکراودا هەڵبگیرێت، بەڵام لە مێردمنداڵاندا پێویستە چەند شانەیەک لە هێلکەی گونیان وەربگیرێت و هەڵبگیرێت.'' 
 
دکتۆر سروە مەبەستی لە هەڵگرتنی سپێرمەکان بۆ پیتاندنیانە لەگەڵ هێلکەی ئەو خانمەی کە هاوژینی کەسەکەیە یاخود دەبێتەهاوژینی، لەپێناو ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا سەرەڕای کاریگەرییە لاوەکییەکانی چارەسەرەسەرییەکانی شێرپەنجە دوای وەرگرتنیان، توانایان هەبێت کە ببنەخاوەنی منداڵ.
 
لەبارەی پاراستنی توانای وەچەخستنەوەی خانمانی تووشبووی شێرپەنجە گوتی، لە ناوەندەکانی منداڵی بلووری پێویستە هۆرمۆنێکی زۆر بدرێت بە خانمەکە بۆئەوەی هێلکەیەکی زۆر لە هێلکەدانیدا دروستببێت و هێلکەکان بە نەشتەرگەری دەربهێندرێن بەمەبەستی ئەوەی کە هەڵبگیرێن و لە داهاتوودا لەگەڵ سپێرمی پیاوەکە بپیتێندرێن.
 
پسپۆڕەکە بۆ ئەو خانمانەی نەگەیشتوونەتە قۆناخی پێگەیشتن رایدەگەیێنێت، بە نەشتەرگەری بەشێک لە شانەی هێلکەکانیان وەردەگیرێت و هەڵدەگیرێت، دوای وەرگرتنی چارەسەرییە پزیشکییەکانی شێرپەنجە هەرکاتێک ژیانی هاوژینیان پێکهێنا و ویستیان منداڵیان ببێت ئەوا دەتواندرێت لە هێلکەدانی خانمەکە دابنرێنەوە بۆئەوەی سووڕی مانگانەی خانمەکە ئاسایی ببێتەوە و بتوانێت منداڵی ببێت. 
 
پسپۆڕەکە ئاشکرای دەکات، حاڵەتەکانی شێرپەنجە روولەزیادبوونن و تاوەکو ئێستا لەپێناو پاراستنی توانای وەچەخستنەوە و بێبەشنەبوون لە مافی منداڵبوونی تووشبووان شوێنێک نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵگرتنی سپێرم و هێلکە، چونکە هەندێک دەرمانی کیمیایی کاریگەرییان بەهێزە و دەشێت ببنەهۆی لەدەستدانی توانای وەچەخستنەوە.
 
دکتۆر سروە دەشڵێت: ''تاکە شوێن هیندستانە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە.''
 
لە کۆتاییدا دکتۆر سروە خالید وەکو پانێڵیستێک لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە دەڵێت: ''بۆیەکەمجارە خوێندکارانیش دەرفەتیان بۆ رەخساوە هاوشانی کەسانی پسپۆڕ توێژینەوە لە کۆنفرانسدا پێشکێشبکەن و لە پەیوەندیدابن لەگەڵ پسپۆڕەکان''، هەروەها خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئامادەبوونی پسپۆڕانی بیانی و کاریگەریی رۆڵیان لە پێگەیاندنی خوێندکارانی کوردستان.