نەخۆشخانەی هیوا؛ شێرپەنجەی خوێن باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە منداڵان

رووداو - تەندروستی 

شێرپەنجە دووەم هۆکاری گیانلەدەستدانە لە جیهاندا، لە هەرێمی کوردستانیش رێژەی تووشبووان بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک ساڵی رابردوو تێکڕای تووشبووانی رۆژانەی نەخۆشخانەیەک نۆ کەس بووە، پسپۆڕێکی شێرپەنجەی منداڵان دەڵێت: شێرپەنجەی خوێن بەربڵاوترین شێرپەنجەی نێو منداڵانە.
 
دکتۆر غازی عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانی منداڵان لە نەخۆشخانەی هیوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زۆرترین تووشبووانی شێرپەنجە لە منداڵاندا شێرپەنجەی خوێنە لە جۆری ALL، پاشان شێرپەنجەکانی گرێی مێشک، شێرپەنجەی ئێسک و گورچیلە دێت.
 
پسپۆڕەکەی شێرپەنجە روونیدەکاتەوە، 95٪ـی چارەسەرییەکان وەکو 'دەرمانی کیماییی، چارەسەریی تیشکی و نەشتەرگەری' لە هەرێمی کوردستان بەردەستن، هاوکات دەڵێت: وەڵامدانەوەی جەستەی منداڵ بۆ چارەسەرییەکان بەراورد بە گەنجان و بەساڵاچووان زۆر زیاترە، ئەمەش وایکردووە ئاسانتر لە شێرپەنجە چاکببنەوە.
 
دکتۆر غازی عەلی گوتی: ''شێرپەنجە یەکسان نییە بە مردن و دەشێت هیوایەک هەبێت بۆ چارەسەر''، پاشان رێنوێنی دایک و باوکان دەکات، لە ئەگەری بوونی نیشانەکانی ناڕێکیی جەستە، دابەزینی کێش، خوێنبەربوون، دروستبوونی گرێ لە هەر بەشێکی جەستە، تا و کۆکەی درێژخایەن، دەبێت منداڵەکانیان پێشانی پزیشکی پسپۆڕ بدەن. 
 
ساڵی رابردوو شەش هەزار و 650 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 150 تووشبووی شێرپەنجەی تێدابووە کە 250ـیان منداڵ بوون، هاوکات ئامارەکانی نەخۆشخانەکەش دەریدەخەن شێرپەنجەی خوێن بەربڵاوترین شێرپەنجەی نێو منداڵانە، بەجۆرێک لەکۆی 250 منداڵی تووشبوو بە شێرپەنجە 154ـیان تووشبووی شێرپەنجەی خوێنن. 
 
کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، هۆکارەکانی وەکو 'بەرکەوتن بە تیشکی زیانبەخش، ناڕێکییە بۆماوەییەکان، شێوازی ژیانی ناتەندروست و ژینگەی پیسبوو' مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێنی جۆری ALL زیاددەکەن.