چارەسەرەکەی تایلەند بۆ کۆرۆنا چییە؟

04-02-2020
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو - هەولێر

کۆرۆنا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکات، لەنێو هەموو وڵاتان تایلەند دەڵێت، دوو نەخۆشیان چاکبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دوو دەرمانی نەخۆشی ئایدز و هەڵامەتیان تێکەڵکردووە.
 
رۆژی دووشەممە 3-2-2020 بەرپرسانی تایلەندی رایانگەیاند، دووەم نەخۆشی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبووەتەوە دوای ئەوەی کە دوو دەرمانی نەخۆشی ئایدز و هەڵامەتیان تێکەڵکردووە و پێیانداوە. 
 
ئەنوتین چارنڤیراکول، وەزیری تەندروستی تایلەند رایگەیاند، نەخۆشی یەکەم، ژنێکی تەمەن 71 ساڵەی چینی بووە و لە هەموو تووشبووەکانی دیکەی تایلەند خراپتر بەدەست ڤایرۆسەکەوە دەیناڵاند، بەڵام پاش پێدانی گیراوەی ئەو دوو دەرمانە، ژنەکە چاکبووەتەوە و نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە.
 
هاوکات وەزیری تەندروستی تایلەند هۆشداری دەدات و دەڵێت، نابێت زۆر هیوایان بەو گیراوەیە هەبێت تەنیا لەبەر ئەوەی دوو کەسی پێ چاکبووەتەوە، بەڵکو دەبێت لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و پزیشکییەکان سوود لەم جۆرە چارەسەرە وەربگرن بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر بدۆزنەوە لەسەر سرووشتی ڤایرۆسەکە و چارەسەرەکە. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ، سێشەممە 4-2-2020 سەرۆکی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی نەخۆشییە گواستراوە جیهانییەکان لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هەبوو، بەڵام هیچ زانیاریێکی لە بارەی دۆزینەوەی هیچ چارەسەرێک نەخستەڕوو. 
 
پێشتریش دکتۆرەکان لە چین ئاماژەیان بەوەکرد لە پەکین دەرمانی دژە ئایدزیان بە تووشبووەکانی کۆرۆنا داوە، ئەوەش لەسەر بنەمای توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2004 لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی SARS بڵاوکراوەتەوە و نیشانی دەدات کە دەرمانەکە کاریگەری ئەرێنی هەبووە.
 
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانلەدەستدەدەن رۆژ لەدوای رۆژ رووی لە هەڵکشانە بەپێی ئەو داتا و زانیارییانەی حکومەتی چین بڵاویکردوونەتەوە، تاوەکو ئێستا لەو وڵاتە لانیکەم 425 کەس گیانیان لەدەستداوە، لە هەرێمی هۆنگ کۆنگ ئەمڕۆ سێشەممە 4-2-2020 یەکەم حاڵەتی مردن تۆمارکرا کە ئەمەش دەبێتە دووەم حاڵەتی مردن لە دەرەوەی چین، پێشتریش بە هەمان هۆکار لە فیلیپین کەسێک گیانی لەدەستدا، بەمەش کۆی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 427 کەس.
 
سەبارەت بە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە، لە چین 20 هەزار تووشبووی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 20 هەزار و 438 کەس، لە وڵات و هەرێمەکانی جیهانیش کۆی ژمارەی تووشبووەکان گەیشتووەتە 151 حاڵەت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.