راگەیاندنی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر: بەپێی پێویست بایەخ بە ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان نەدراوە

رووداو - تەندروستی

بەرپرسی هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی و راگەیاندن لە خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر دەڵێت: هێشتا بابەتی مادەی هۆشبەر لەڕووی تەندروستییەوە بایەخی تەواوی پێنەدراوە و لەو روانگەیەوە بۆشایی تەندروستیی هەیە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 3-12-2024 یاسین جاف، بەرپرسی هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، هەموومان لە هەوڵی ئەوەداین ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان لەڕووی کۆمەڵایەتی، جەستەیی و دەروونییەوە کاریان لەسەر بکرێت و بهێندرێنەوە نێو کۆمەڵگە.
 
یاسین جاف دەڵێت: ''خۆشبەختانە لەم ماوەیەدا چەند هەنگاوێک نران بۆ کردنەوەی سەنتەری شیاندنەوە و چارەسەرکردنی ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان''، بەڵام بە پێویستی دەزانێت لە کابینەی داهاتووی حکومەتدا کار لەسەر بەیەکەوە کارکردنی چەند وەزارەتێک بکرێت بۆ پێشگیری لە مادە هۆشبەرەکان.
 
ئەو بەرپرسەی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر پێشنیازدەکات، لە میمبەری مزگەوتەکانەوە هەینییان بابەتەکانی مادە هۆشبەرەکان و نەخۆشییە گوازراوەکانی وەکو ئەیدز باسبکرێن و رێگەکانی پێشگیری و کەمکردنەوەیان بخرێنەڕوو. 
 
ئەمڕۆ لە هەولێر؛ پانێڵێک لەبارەی مەترسییەکانی مادە هۆشبەرەکان و چۆنیەتیی دووبارە شیاندنەوەی ئالوودەبووانی بەڕێوەچوو، سامان ئیسماعیل، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی، رێکخەری پانێڵەکە بوو، بەم شێوەیە بۆ رووداو قسەی کرد؛