پسپۆڕێكی تەندروستیی گشتی: جگەرە و نێرگەلەکان بۆنخۆشدەکرێن بۆ راکێشانی بەکارهێنەران

رووداو – تەندروستی

پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی رایدەگەیێنێت، جگەرەی ئەلیکترۆنی لەڕووی پێکهاتەوە جێگرەوەیەکی تەندروستی جگەرەی ئاسایی نییە، بەڵام جگەرەی ئەلیکترۆنی تەنیا میکانیزمی دووکەڵکردنەکەی جیاوازە، هەروەها تام و بۆنی جگەرەکان تەنیا شاردنەوەی زیانە لاوەکییەکانیانە لە بەکارهێنەران.
 
لە میانەی بەشداربوونی دکتۆر سەنگەر محەممەد جاف، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی و مامۆستا لە زانکۆی هەولێری پزیشکی لە بووڵەتنی نوورۆژدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەری دەستکاریکردنی پێکهاتەکانی نێو شلەی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان زۆر ئاسانترە، بەمەش مەترسییەکانی لە جگەرەی ئاسایی زیاتردەبێت، هاوکات لەلایەنی تەکنیکییەوە زۆربەی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان ئەگەری تەقینیان هەیە.''
 
دکتۆر سەنگەر جاف بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەلایەن مێردمنداڵانەوە باسدەکات و دەڵێت: ''لە مێردمنداڵاندا زیانەکانی جگەرە دوو هێندە دەبن، چونکە لە قۆناخە سەرەتاییەکانی گەشەکردندان و خێراتر تووشی ئالوودەبوون دەبن، هەروەها دەشڵێت: ''هەرچەندە ناتوانین سەدا سەد دڵنیابینەوە لە رێژەی نیکۆتینی سەر نوسراوەکانی جگەرە، بەڵام ئاستی نیکۆتین و چەندجارەی بەکارهێنان، رێژەی ئالوودەبوون دەستنیشاندەکەن.'' 
 
سەبارەت بە چاودێریکردنی لایەنی پەیوەندیدار بۆ بەرهەمەکانی جگەرە، پسپۆڕەکەی تەندروستیی گشتی روونیدەکاتەوە، بە بینینی ئەم بەرهەمە جۆراوجۆرانەی نێو بازاڕ بۆماندەردەکەوێت کە چاودێری و سنوورداکردنی بەرهەمەکان بوونی نییە، تەنانەت زۆرینەی فرۆشیارەکانیش رەنگە نەزانن سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمەکانیان لەکوێوە دێت.
 
هاوکات دکتۆر سەنگەر کاریگەری نەرێنی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەسەر سێکس باسدەکات و دەڵێت: ''بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەکان جگەرەی ئەلیکترۆنی کاریگەری نەرێنی لەسەر توانای سێکس و وەچەخستنەوە دروستدەکات، بەجۆرێک راستەوخۆ پێکهاتەی نێو گیراوەی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان لە کۆئەندامی هەناسەوە تێکەڵ بە خوێن دەبن و بە ئەندامەکانی جەستەدا بڵاودەبنەوە.''
 
لە کۆتاییدا دەربارەی جگەرەکێشانی خانمان، دکتۆر سەنگەر محەممەد چەند رێنماییەک دەخاتەڕوو و دەڵێت: ''خانمان دەبێت بیر لە داهاتووی خۆیان بکەنەوە و ئەگەر دەیانەوێت تەندروستیی خۆیان و منداڵەکانیان لە داهاتوودا بپارێزن ئەوا لە بەکارهێنانی سەرجەم بەرهەمەکانی جگەرە دووربکەونەوە، هەروەها دەتوانن رۆژانە وەرزش بکەن یاخود خۆراکی تەندروست وەکو سەوزە و میوەکان بخۆن، تاوەکو جەستە و دەروونێکی تەندروستییان هەبێت و منداڵەکانیان لە نەخۆشییە سگماکییەکان بپارێزن.''