لە ئەمریکا ئالوودەبوون بە جگەرەی ئەلیکترۆنی زیاددەکات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هارڤارد دەریدەخات، ئالوودەبوون بە جگەرەی ئەلیکترۆنی لەنێو گەنجان و مێردمنداڵانی ئەمریکا دە ئەوەندە زیادی کردووە.
 
زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی لە توێژینەوەیەکی گشتگیردا رایدەگەیێنێت، ئاستی بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەلایەن گەنجان و مێردمنداڵانی ئەمریکا بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیکردووە، بەجۆرێک لە ساڵی 2017 تەنیا 1٪ـی گەنجان بەکارهێنەری جگەرەی ئەلیکترۆنی بوون، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە بۆ 10٪ بەرز دەبێتەوە.
 
هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی توێژینەوەکە لە ساڵی 2021، نزیکەی 24٪ـی بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترۆنی مێردمنداڵان بوون، بەڵام لە ساڵی 2022 رێژەی بەکارهێنەران بۆ 28٪ زیادی کردووە. 
 
پڕۆفیسۆر جۆناسان وینیکۆف، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''زیادبوونی رێژەی بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەنێو مێردمنداڵان بەربڵاوە و دەبێت رێگری لە ئالوودەبوونی گەنجان بگیرێت.''
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە سەبارەت بە مەترسیی نیکۆتینی نێو جگەرەی ئەلیکترۆنی دەڵێت: ''خانەکانی مێشک ئاسانتر نیکۆتینی جگەرەی ئەلیکترۆنی هەڵدەمژن کە ئالوودەبوون خێراتر دەکات و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئاسانتر بەنێو جەستەدا بڵاودەبێتەوە.''
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 69 مادەی کیمیایی کە دەبنەهۆی شێرپەنجە لە نێو جگەرەدا هەن، هەروەها لە جیهاندا لە هەشت کەس یەکێکیان بە جگەرە تووشی شێرپەنجە دەبێت.