پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی گورچیلە و پڕۆستات: گۆڕینی شێوازی ژیان و وەرزش رێگری لە شێرپەنجەی پڕۆستات دەکەن

رووداو- تەندروستی

پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە، میزەڕۆ و پڕۆستات رایدەگەیێنێت، زۆرمیزکردن نیشانەیەکی تووشبوونە بە شێرپەنجەی پڕۆستات، هاوکات پشتڕاستیدەکاتەوە کە گۆڕینی شێوازی ژیان و وەرزشکردن رێگری لە شێرپەنجەی پڕۆستات دەکەن و تەندروستیی پڕۆستات دەپارێزن.
 
دکتۆر هیوا عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە، میزەڕۆ و پڕۆستات، لە رۆژی هەیینی 2ـی کانوونی یەکەم لە بوڵتەنی کاژێر هەشتدا چەند رێنماییەکی خۆپاراستن و نیشانەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستاتی باسکرد، هاوکات دکتۆر هیوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر کەسێک پێشینەی نەخۆشیی درێژخایێنی نەبێت و کێشی رێکبێت و شەوانە زیاتر لە دوو جار بۆ میزکردن هەڵبستێتەوە، ئەوا دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ بکات بۆ ئەوەی لە تەندروستیی پڕۆستاتی دڵنیاببێتەوە.
 
پسپۆڕەکەی گورچیلە و میزەڕۆ سەبارەت بە نیشانەکانی شێرپەنجەی پڕۆستات و گەورەبوونی پرۆستات روونیدەکاتەوە، ناتواندرێت جیاوازیی لەنێوان نیشانەکانیاندا بکرێت، بۆیە هەرکەسێک تووشی ئازار لەکاتی میزکردن، میزی پچر پچڕ لەگەڵیشیدا تا و لەرزی هەبێت، وا باشترە بەزووترین کات سەردانی پزشیکی پسپۆر بکات.
 
سەبارەت شێوازی ژیان و وەرزشکردن دکتۆر هیوا دەڵێت: ''کەمکردنەوەی ئەو خۆراکانەی کە 'شەکر، ئارد، دانەوێڵە و کاربۆهیدراتیان تێدایە و زیادخواردنی سەوزە، میوە، ماسی و سەلەمون' پڕۆستات دەپارێزن''، هەروەها دکتۆرەکە لەبارەی کاریگەریی خۆراکە خێراکان لەسەر تەندروستیی پڕۆستات دەڵێت: ''خۆراکە خێراکان هۆکارێکن بۆ زیادبوونی کێش کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە کێشەکانی پڕۆستات''، دکتۆر هیوا دەشڵێت: ''رۆژانە وەرزشکردن بۆ ماوەی 30 خولەک دەتوانێت رێگری لە تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات بکات.''
 
سەبارەت بە کاریگەریی سێکسکردن لەسەر تەندروستیی پڕۆستات، پسپۆڕەکەی گورچیلە و میزەڕۆ دەڵێت: ''نەخۆشییەکانی پڕۆستات لەو تەمەنانەی لە چالاکیی سێکسیدان وەکو تەمەنی 20 تاوەکو 55 ساڵی زیاتر باون کە زیاتر پەیوەندی بە هەوکردنی پڕۆستاتەوە هەیە، هەروەها سێکسی ناتەندروست هۆکارێکە بۆ هەوکردنی پڕۆستات، تەنانەت لەنێوان هاوسەرەکانیشدا پێویستە بە خاوێنی سێکس ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی لەدوای سێکسکردن تووشی هەوکردن نەبن.'' 
 
لەکۆتاییدا دکتۆر هیوا عەبدولڕەحمان سەبارەت بە خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پڕۆستات دەڵێت: ''ئەوانەی تەمەنیان سەروو 45 ساڵە و خێزانەکانیان پێشینەی تووشبوون بە شێرپەنجە یاخود هەڵئاوسانی پڕۆستاتیان هەیە، پێویستە ساڵانە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ پشکنینینی پرۆستات بکەن، کە لەڕێگەی خوێن، میز و سۆنەر دەکرێت، بەڵام ئەوانەی لەنێو خێزانەکانیان پێشینەی کێشەکانی پڕۆستات نییە، دەکرێت دوای تەمەنی 50 ساڵی پشکنین بکەن.''