UN: هەولێر یەکێکە لە شارە یەکەمەکانی سەر ئاستی جیهان بۆ بەفیڕۆدانی خۆراک

رووداو - تەندروستی

لە راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، خوێندنەوە بۆ دۆخی نزیکەی 200 شار لەسەر ئاستی جیهان کراوە و دەرکەوتووە، هەولێر یەکێکە لە شارە یەکەمەکانی سەر ئاستی جیهان بۆ بەفیڕۆدانی خۆراک.
 
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان UN ئاشکرای دەکات، بەفێرۆدانی خۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تێکڕای بەفیڕۆدانی 143 کیلۆگرام بۆ هەر خێزانێک لە هەر ساڵێکدا تۆمارکراوە، ئەمەش ئەو تێکڕایە دەرهێنراوە پاش خوێندنەوەی بۆ 5 شاری عێراق کە بریتین لە؛ هەولێر، موسل، کوت، کەربەلا و ناسرییە.
 
هاوکات UN ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەولێر بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق زیاتر خۆراک بە فیڕۆدەدرێت، بەجۆرێک دەگاتە 190 کیلۆگرام بۆ هەر خێزانێک لە ساڵێکدا.
 
لە بەرامبەردا لە موسڵ لە هەمووان کەمتر خۆراک بەفیڕۆدەدرێت بە تێکڕای 85 کیلۆگرام ساڵانە بۆ هەر خێزانێک.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی جیهانی، مەترسیی دووچاربوون بە برسیێتی زیاتر لە 700 ملیۆن کەس هەیە لەکاتێکدا ئەو خۆراکە بەفیڕۆدراوانەی کە هەن دەشێت ژیانی 500 ملیۆن کەس لە برسیێتی رزگاربکەن.