دەروونناسێک: بۆ ئاگاداربوون لە دەروونی قوتابییان، پەیوەندیی دایباب لەگەڵ قوتابخانە پتەو بێت

03-11-2024
شکار رێبوار
کۆمەڵێک قوتابی. وێنە: رووداو
کۆمەڵێک قوتابی. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

دەروونناس و چارەسەرکارێکی دەروونی رایدەگەیێنێت، گرنگە چارەسەرکاری دەروونی لەنێو قوتابخانەکان دا هەبێت، چونکە لە رێگەیەوە پشتیوانییەکی زیاتر بە دەروونی قوتابییان دەدرێت.
 
لە بڕگەیەکی مەیدانیدا کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، لەنێو قوتابخانەیەک چەند پرسێکیان لەبارەی كێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی قوتابییان باسکرد و میوانەکەی گوتی، لە هەرێمی کوردستان چارەسەرکارانی دەروونی کەمن و رۆڵی گرنگیان پێنەدراوە.
 
تەنیا بەدرەدین، دەروونناس دەڵێت: ''گرنگە دایک و باوکان هەمیشە لە پەیوەندیدابن لەگەڵ قوتابخانەی منداڵەکەیان، تاوەکو لە ئەگەری هەر کێشەیەکی دەروونیی منداڵەکەیان، ئاگاداربن و لە ماڵەوە و قوتابخانەکە هاوکاربن لە چارەسەرکردنی''.
 
هاوکات جەختیش لە کۆنتڕۆڵکردنی کاتی خەوتن دەدات بەوەی کە ئەگەر کۆنتڕۆڵنەکرێت ئەوا منداڵ تووشی چەندان کێشەی دەروونی و جەستەیی دەبێتەوە، هەر بۆیە پێشنیازدەکات، پێش خەوتن منداڵ لە هەواڵی ناخۆش و تووندوتیژی بەدووربێت و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیش بەکارنەهێنێت.
 
ئەو دەروونناسە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی خۆی ئاشکرادەکات کە لەسەر 315 قوتابی کردوویەتی و دەڵێت، 'لێکجیابوونەوەی دایک و باوک، بەکارهێنانی مادەی قەدەخەکراو و هۆشبەر و دەستدرێژی بۆ سەر منداڵ' ئەو کێشانەبوون کە لەنێو قوتابییانی توێژینەوەکەیدا هەبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە