لە بەریتانیا 100 هەزار منداڵی تازەلەدایکبوو پشکنینی پێشوەختەیان بۆ دەکرێت

رووداو - تەندروستی

لە ئینگلاند پشکنینی پێشوەختە بۆ هەزاران کۆرپەی تازەلەدایکبوو دەکرێت و ئەمانجیش لە هەڵمەتەکە ئەوەیە کە دەستنیشانی نەخۆشییە دەگمەن و سکماکییەکان بکرێت.
 
هەڵمەتەکە 40 نەخۆشخانەی ئینگلاند دەگرێتەوە و لەلایەن ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی NHS لە وڵاتەکە دەکرێت و بڕیارە، پشکنین بۆ 100 هەزار کۆرپەی تازەلەدایکبوو بکرێت، تاوەکو دەستنیشانی 200 نەخۆشی و ناڕێکیی بۆماوەیی بکرێت.
 
ئاماندا پریچارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی NHS لە ئینگلاند دەڵێت: ''دەستنیشانکردنی پێشوەختەی حاڵەتەکان دەتوانێت ژیانی ماڵبات و بەخێوکارانی منداڵەکە بگۆڕێت و کوالێتیی ژیانیان باش بکات''.
 
تەنانەت ئاماندا دەشڵێت: پشکنینی پێشوەختە چارەسەرییەکان ئاساندەکات و وادەکات بە زوویی ناڕێکی و کێشە تەندروستییە بۆماوەیی و سکماکییەکان دەستنیشانبکرێن.
 
پلانەکە وەکو توێژینەوەیەکی گشتگیرە و لەلایەن کۆمپانیای Genomics England و NHSـەوە بەڕێوەدەچێت و لەڕێگەی دڵۆپی خوێنەوە پشکنینە بۆماوەییە وردەکان دەکرێن.
 
هاوکات NHS رایدەگەیێنێت، هەر منداڵێک لە پشکنینەکان دەرکەوت کە کێشەی هەیە، ئەوا چاودێری و پاڵپشتیی پزیشکی و دارایی دەکرێت و چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجامدەدرێت.