رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە رایدەگەیێنێت، لەم وەرزەدا چەند نەخۆشییەک بڵاودەبنەوە کە نیشانەکانیان لەیەک نزیکن، هەروەها دەڵێت: تووشبووانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە پێشەنگی کەیسە تۆمارکراوەکانی نەخۆشخانەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2024 د. لوقمان ئەمین مزووری، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە بەرنامەی نوورۆژدا بە رووداوی راگەیاند، لەم وەرزەدا نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە وەکو 'ئەنفلەوەنزا، کۆرۆنا و هەستیاری' زیاددەبن.
د. لوقمان ئەمین دەڵێت: ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنی دڵ و سییەکانیان هەیە یاخود ئەوانەی کە چاندنیان بۆ کراوە و شێرپەنجەیان هەیە، پێویستە بایەخ بە کوتان دژ بە نەخۆشییەکان بدەن.
ئەو پسپۆڕە دەشڵێت، لەم وەرزە رەنگە زۆرجار خۆڵبارین هەبێت و پێویستە ئەوانەی رەبۆ و هەوکردنی سییەکانیان هەیە، جگە لە کاری پێویست؛ ''نەچنە دەرەوە''، تەنانەت گوتی کە لە شوێنە گشتییەکان و قەرەباڵخەکان پێویستە دەمامک بەکاربێت بەتایبەت لە بەساڵاچوواندا.
هاوکات باسی جیاکردنەوەی هەستیاری لە ئەنفلەوەنزا دەکات بەوەی کە هەستیاری زیاتر لە بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە روودەدات وەکو؛
- خورانی چاو
- گیران و خورانی لووت
- دەردراوی لووت
- نەبوونی تا یان تایەکی زۆر کەم
- پژمین
بەڵام لەبارەی نیشانەکانی ئەنفلەوەنزا و کۆرۆناوە ئاماژە بەمانە دەکات؛
- تا
- ئازاری ماسوولکە
- وشكبوونەوەی جەستە
- کۆکەی وشک
- بێهێزی
- نەمانی ئارەزووی خواردن
- نەمانی تام و بۆن
بە گوتەی مزووری، ئەو کەسانەی ئەنفلەوەنزایان هەیە، پێویستە پشوو بدەن و بایەخ بە خواردنەوەی شلەمەنییەکان بدەن، هەروەها بە هەموو شێوەیەکیش لە کحول، جگەرە و نێرگەلە دووربکەونەوە.
بەپێی CDC،ئەوانەی کە ئەنفلەوەنزایان تووشبووە دەکرێت ئەم رێنوێنییانە لە ماڵەوە ئەنجامبدەن؛
- بەکارهێنانی قەترەی سەلاین بۆ لووت
- هەڵمژینی هەڵم
- غەرغەرەی خوێیاو
- خواردنی پاراسیتامۆڵ ''پاراسیتۆڵ'' و هاوشێوەکانی
- زۆر خواردنەوەی شلەمەنییەکان
- پشوودان
- بایەخدان بە خواردنی میوەکان بەتایبەت میوە مزرەکان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ