پسپۆڕێکی خۆراک: راستەوخۆ دوای لەخەوهەستان قاوە نەخورێتەوە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی خۆراک رایدەگەیێنێت، قاوەی ئێسپرێسۆ بەراورد بە قاوەکانی دیکە کافاینی زیاترە، هەروەها دەڵێت: ئەو قاوانەی لەگەڵ چەرەسەکان تێکەڵ دەکرێن بەسوودترن.
 
لە بڕگەیەکی مەیدانیدا کە دکتۆر لونا خالید پشکێشی کرد، تاژان محەممەد، پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژەی بە سوودە تەندروستییەکانی جۆرە جیاوازەکانی قاوە کرد و گوتی، کافایین و پۆلیفینۆڵەکان مادەی سەرەکیی نێو قاوەکانن و قاوەی ئێسپرێسۆ بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی قاوە بەرزترین رێژەی کافاینی تێدایە.
 
تاژان محەممەد دەڵێت: ئەو قاوانەی پێکهاتەی سەرەکییان چەرەسەکانە بەسوودن وەکو قاوەی قەزوان و بوندوق و فستق، هەروەها دەشڵێت: ''قاوەی قەزوان بڕێکی زۆر چەوریی تێدایە و بەشێوەیەکی سنووردار بخورێتەوە''. 
 
ئەو پسپۆڕەی خۆراک ئاماژە بە بڕی خواردنەوەی قاوەی رۆژانە دەکات و دەڵێت: رۆژانە 1 بۆ 2 کووپ قاوەی ئاسایی بخورێتەوە، بەڵام بۆ قاوەی قەزوان لە رۆژێکدا کووپێک بخورێتەوە. 
 
تاژان محەممەد هۆشداری دەدات، راستەوخۆ دوای لەخەوهەڵسان قاوە نەخورێتەوە، بەڵکو 1 بۆ 2 کاژێر دواتر ئینجا بخورێتەوە، چونکە جەستە تووشی دڵەڕاوکێ و شڵەژان دەکات.
 
ئەو پسپۆڕە زیاتر روونی دەکاتەوە، دوای لەخەوهەستان رێژەی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ لە جەستەدا بەرزە، ئەمەش دەبێتەهۆی بەئاگایی زیاتر و بە خواردنەوەی قاوە دەشێت کەسەکە هەست بە ناجێگیری و شڵەژانی دەروونی بکات.
 
لە بارەی خواردنی شیرینییەکان لەگەڵ قاوە پسپۆڕەکەی خۆراک گوتی، قاوە بەتەنیا بخورێتەوە باشترە یاخود لەگەڵ قاوە خۆراکێکی بێ شەکر یان خۆراکێکی دانەوێڵەی تەواو بخورێت.