سەنتەری ژین بۆ شێرپەنجە: لە دهۆک ساڵانە 50 - 60 منداڵ تووشی شێرپەنجە دەبن

رووداو - تەندروستی 

بە درووشمی ''هێزی من لە شێرپەنجە زیاترە'' لە دهۆک بە مەبەستی باشترکردنی لایەنی دەروونی و هۆشیارکردنەوەی دایک و باوکان لەبارەی شێرپەنجەی نێو منداڵان، ئاهەنگێک بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە بەڕێوەچوو. 
 
بەهۆی شێرپەنجەوە ئاریان لوقمان هیواخوازە کە بە ئۆنلاین وانەکانی بخوێنێت و دەڵێت: مانگی 11 دەستنیشانکراوە کە تووشبووی شێرپەنجەیە و حەزی لە قوتابخانەیە، دەیەوێت بە ئۆنلاین وانەکانی بخوێنێت. 
 
شەیما عەبدوڵڵا، دایکی ئاریان بە رووداوی گوت، هەستێکی ناخۆشە کە دەرگەی قوتابخانەکان کراونەتەوە و وەرزی قوتابخانەیە، بەڵام ئاریان ناتوانێت بچێت.
 
بەرپرسی هۆبەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە سەنتەری ژین دەڵێت: پشکنینی PET-Scna لە دهۆک نییە و دەبێت بۆ ئەو پشکنینە نەخۆشەکان بنێرنە هەولێر. 
 
عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، بەرپرسی هۆبەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە سەنتەری ژین دەشڵێت: چارەسەری چاندنی مۆخ بۆ شێرپەنجە لە پارێزگاکە نییە و نەخۆشەکان دەگوازنەوە بۆ تورکیا تەنانەت گوتیشی، ''بۆ چارەسەر بە تیشک دەبێت نەخۆشەکان ببرێنە هەولێر و سلێمانی''. 
 
 لە ساڵی 2012ـەوە 280 منداڵ لە شێرپەنجە چاکبوونەتەوە، ئەسکەندەر وەسفی کە منداڵێکی چاکبووی شێرپەنجەیە و دەڵێت: ''کە نەخۆشبووم نەترسام و چارەسەرم وەرگرت، گرووپی منداڵپارێزانیش پاڵپشتیان کردم''.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی سەنتەری ژین بۆ چارەسەری شێرپەنجە، لە دهۆک 422 منداڵی تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، ساڵانە 50 بۆ 60 منداڵ تووشی نەخۆشییەکە دەبن.