پسپۆڕێکی هەناو: کێشە لە چۆنیەتیی هەڵگرتنی ئاو هەیە

رووداو - تەندروستی 

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر تووشبووی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشانەکە دەکەن، بەڵام بەشێکی کەمیان پێویستیان بە مانەوە هەیە. 
 
رۆژی یەکشەممە 3-9-2023 د. گۆران محێدین هەورامی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی رایگەیاند، تەنیا بە دەستنیشانکردنی تووشبوویێکی کۆلێرا واتە کۆلێرا لە ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە و پێویستە سەرجەم رێوشوێنەکانی بنبڕکردنی نەخۆشییەکە بگیرێنەبەر.
 
د. گۆران هەرامی دەڵێت: تووشبووەکانی کۆلێرا لە گەڕەکە جیاوازەکانی سلێمانی تۆمارکراون، تەنانەت تووشبووی دەرەوەی شاریشیان تێدایە.
 
ئەو بەرپرسەی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی شار گوتی، 'خانمانی دووگیان، بەساڵاچووان، منداڵ و تووشبووی نەخۆشییە درێژخایەنەکان' پێویستە لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکان سەردانی نەخۆشخانە بکەن، چونکە گرووپی مەترسیدارن بە پاشهاتەکانی سکچوون و رشانەوە.
 
د. گۆران هەورامی ئاماژە بەوەدەکات کە زۆرینەی ئاوی خواردنەوە بە خاوێنی دەگاتە ماڵەکان، بەڵام کێشە لە چۆنیەتی هەڵگرتن و کۆگاکردنی ئاو هەیە، هاوکات بە پێویستی دەزانێت کە ساڵانە تانکی ئاو پاکبکرێتەوە یاخود بایەخ بە کوڵاندنی ئاو بدرێت بەتایبەت بۆ ئەو ئاوانەی کە سەرچاوەکانیان نادیارە.