نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: مانگانە نزیکەی دوو هەزار تووشبووی سکچوون و رشانەوە دەخەوێنرێن

رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد لە سلێمانی دەڵێت: مانگانە زیاتر لە 10هەزار منداڵ سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن، لەو ژمارەیەش نزیکەی دوو هەزاریان بەهۆی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەکە دەخەوێندرێن. 
 
رۆژی یەکشەممە 3ـی ئەیلوولی 2023 د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد بۆ منداڵان رایگەیاند، جگە لە پشکنینە پشتڕاستکراوەکانی کۆلێرا، چەندان پشکنینی دیکەی گوماناوی تۆمارکراون و چاوەڕێین پشتڕاستبکرێنەوە.
 
بەڕێوەبەرەکەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەشڵێت: تائێستا نەخۆشخانەکە لە ئامادەباشی تەواودایە و رۆژانە نەخۆشەکان پێویستیان بە دەرمان هەیە، بۆیە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆلێرا دەکرێت پێویستمان بە دەرمان و چارەسەری زیاتر بێت.
 
نەورۆز عوسمان، دایکی منداڵێکی تووشبووە بە سکچوون و رشانەوە لە چەمچەماڵەوە هاتووەتە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد و پێی وایە کە منداڵەکەی بەهۆی بەرکەوتن بە ئاوی پیسەوە تووشی نیشانەکان بووە.
 
نەورۆز عوسمان دەڵێت: ''پێویستە هەر دایک و باوکێک خۆیان دکتۆری منداڵەکانیان بن، تاوەکو لە نەخۆشخانە و بەکارهێنانی دەرمان بەدووربن''.
 
د. پشدەر چەند رێنماییەکی خۆپارێزی لە تووشبوون بە کۆلێرا دەخاتەڕوو وەکو؛
 
1- دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و بەکارنەهێنانی ئاوی شەمعە نایاساییەکان.
2- کوڵاندنی ئاو بۆ منداڵانی خوار تەمەن شەش ساڵ.
3- کوڵاندنی گۆشت و خۆراک. 
4- شۆردنی دەستەکان بەتایبەت دوای چوون بۆ توالێت.
5- دوورکەوتنەوە لە خۆراکی سەر ''عەرەبانە'' و خۆراکی سەردانەپۆشراو.