پسپۆڕێک: سەوەفان و پچڕانی بەستەری ئەژنۆ دەشێت بەهۆی وەرزشی هەڵەوە تووشی وەرزشڤانان ببن

رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیەنێت، وەرزش و جووڵەی رۆژانە رێگەی سەرەکین بۆ پێشگیری لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە خراپیی جووڵە وەرزشییەکان و ناڕێکیی رێنوێنییەکان لەکاتی راهێنان.
 
راهێنەران دەڵێن، وەرزشی هەڵە و ناڕێک لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت، پێشنیازیش دەکەن، پێش دەستپێکردن، راهێنانی خۆگەرمکردنەوە بکرێت.
 
محەممەد حیکمەت، راهێنەری وەرزشی دەڵێت: ''هۆکاری ئەو کێشانەی دووچاری وەرزشڤانان دەبێتەوە لەکاتی یاریکردن ئەوەیەکە کە راهێنانی خۆگەرمکردنەوە ناکەن و راستەوخۆ دەست بە وەرزش دەکەن''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا محەممەد حیکمەت گوتی، هەندێک کەس هەیە زیاتر لە کاتی دیاریکراو لەسەر ئامێرێکی وەرزشی بەردەوام دەبێت، کە دەشێت زیان بە جومگەکانی بگەیەنێت و گوتیشی، ''ئاساییە پێش راهێنان، 15 - 20 خولەک خۆگەرمکردنەوە بکرێت''.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو 2030 نزیکەی 85٪ـی خەڵک چالاکیی جەستەییان نابێت.
 
واتە تەنیا 15٪ـی خەڵک چالاکن و وەرزش دەکەن، بەڵام ئەگەر بە خراپی وەرزشەکە بکەن ئەوا جیهان دووچاری قەیرانی تەندروستی دەبێتەوە.
 
پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان رایدەگەیەنێت، لە شەش مانگی ئەمساڵ 20 بۆ 30 کەس بەهۆی ناڕێکیی وەرزشکردنەوە و بەهۆی ئەوەی بەهەڵە وەرزشیان کردووە، سەردانی نۆرینگەکەی کردووە.
 
د. ئامانج موحسین گەردی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک، شکان و جومگە دەڵێت: ''وەرزشڤانان رێنوێنییەکانی پزیشک و راهێنەرەکەیان جێبەجێبکەن و پێویستە بە دروستی جووڵە وەرزشییەکان ئەنجامبدرێن''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا دەشڵێت: ئازاری ئەژنۆ، پچڕانی بەستەری ئەژنۆ و سەوەفان بەربڵاوترین ئەو کێشانەن کە وەرزشڤانان لەکاتی جووڵەی هەڵە یاخود پەیڕەونەکردنی رێنوێنییەکانی پزیشک و راهێنەرە وەرزشیەکەیان تووشیان دەبێت.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، بەهۆی کەمجووڵەییەوە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، خەمۆکی و شەکرەیان هەیە.
 
کەواتە بۆ جەستەیەکی تەندروست وەرزش پێویستە، بەڵام بە شێوەیەکی زانستی.