رێگەیەکی نوێ بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی مردنی لەناکاو پێشنیاز دەکرێت

03-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە فینلاند رێگەیەکی نوێ بۆ دەستنیشانکردنی جەڵتەی دڵ ئاشکرادەکات کە پێشوەختە ئاگاداری کەسەکە دەکاتەوە لە کێشەکە.
 
رێگە نوێیەکە لەلایەن پسپۆڕانی زانکۆی تێمپیرێ لە فینلاند پێشنیاز کرا و دەرکەوت، لە رێگەی ئالگۆریتمێکەوە پێشوەختە دەستنیشانی ئەگەری تووشبوونی جەڵتە دەکرێت، بەتایبەت لەو کەسانەی لە ماڵباتەکەیان نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن هەیە.
 
توێژینەوەکە ئالگۆریتمە نوێیەکەی لەسەر دوو هەزار و 700 کەس تاقیکردەوە و بۆ ماوەی هەشت ساڵ و 3 مانگ لەژێر چاودێریدا بوون، دەرکەوت؛ پێوانەکردنی هەمیشەیی لێدانەکانی دڵ لە چەند کاتێکی جیاوازدا و دواتریش تۆمارکردنی لەنێو سیستمە ئالگۆریتمیەکە وایکردووە کە مردنی پێشوەختە دەستنیشان بکات.
 
تیمۆ بوکێلا، پسپۆڕی زانستی فیزیا لە زانکۆکە دەڵێت: ''سیستمەکە ناوی DFA2 a1ـە و دەتوانێت هەموو گۆڕانکارییەکانی لێدانی دڵ تۆماربکات''.
 
تیمۆ بوکێلا گوتی، سیستمەکە بەجۆرێکە کە لێدانەکانی دڵ شیدەکاتەوە و بەرچاوڕوونی بۆ پشکنەرەکە دەبێت لە دیاریکردنی هەر ناڕێکییەک لە دڵ و لوولەکانی خوێن.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی جەڵتەی دڵ، پزیشک ببیندرێت و شێوازی ژیانی تەندروست وەکو وەرزش، دوورکەوتنەوە لە کحول و کێشانی جگەرە و نێرگەلە، پاشانیش کێشڕێکی پەیڕەوبکرێن.
 
ناوەندەکە ئاشکرای دەکات، ساڵانە لەکۆی ملیۆنێک کەس، زیاتر لە 970 هەزاریان بەهۆی مردنی لەناکاوەوە گیانلەدەستدەدەن، هەروەها 20٪ـی مردنی لەناکاو بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنە و هۆکاری سەرەکیشن بۆ مردنی لەناکاو.
 
لە بەرنامەیەکی 'دکتۆر ئاراس' باسی هۆکارەکانی مردنی لەناکاوی گەنجان کراوە و پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ رایدەگەیەنێت، مردنی لەناکاوی گەنجان گرفتێکی گەورەی جیهانییە و هۆکاری جۆراوجۆری هەن و دەڵێت: ''جەڵتەی دڵ تاکە هۆکاری مردنی لەناکاوی گەنجان نییە، بەڵکو بۆماوە، ئەستووربوونی دیواری دڵ و ناڕێکیی لە کارەبایی دڵ دەشێت هۆکاری مردنی لەناکاو بن.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە