لە 24 کاژێری رابردوو 577 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

03-07-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەی 24 کاژێری رابردوو 577 تووشبووی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. زۆرترین ژمارەی تووشبووان لە پارێزگای هەولێرە کە 228 تووشبووە. 
 
رۆژی یەکشەممە 3-7-2022، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاژێری رابردووی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکان 577 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، لە پارێزگای هەولێر 228، لە پارێزگای سلێمانی 111، پارێزگای دهۆک 113، پارێزگای هەڵەبجە دوو و لە گەرمیان 23 تووشبوو نوێ تۆمارکراون. 
 
هەر لە ماوەی 24 کاژێردا، 93 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە. 
 
تاوەکو ئێستا 443 هەزار و 396 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، 431 هەزار و 631 تووشبوو چاکبوونەتەوە و حەوت هەزار و 453 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
 
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، 30%ـی پشکنینەکانی دیاریکردنی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرێنین و ژمارەی تووشبووان لە زیادبوونێکی مەترسیداردایە. 
 
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، "ئەم شەپۆلە تازەیەی کۆرۆنا زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و ئێستا 30%ـی پشکنینەکان ئەرێنین. ئێمە هیچ کێشەیەکمان بۆ وەرگرتنی تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان نییە و ئۆکسجین و هەموو چارەسەرێکمان هەیە."
 
سەیف بەدر گوتی: "لە چەند رۆژی رابردوودا رۆژانە 2000-3000 تووشبووی کۆرۆنامان هەبووە. ژمارەی تووشبووانیش لە زیادبوونێکی مەترسیداردایە. هۆکارەکەیش ئەوەیە کە خەڵکی پابەندی مەرجەکانی خۆپاراستن نابن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە 10 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی ڤاکسینی کۆرۆنایان لە خۆیان داوە، دەشڵێت، "ئەو ژمارەیەیش کەمە. پلانی حکومەت ئەوە بوو هەر کەسێک تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵانەوە بێت سێ جار ڤاکسین لە خۆی بدات و ئەوانەیشی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵانەوەیە دوو جار ڤاکسین لە خۆیان بدەن. ژمارەکە لەو ئاستەدا نییە کە ئێمە دەمانویست."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە